رێكخستنەوەی دامەزراوەكانی هەرێم

‌شادمان مه‌لا حه‌سه‌ن‌

ئاسایە بۆ هەموو میللەتێك و وڵاتێك كە سەرەتا بنیادی خۆبەڕێوەبەری دەكات كەمو كوڕی و نەشارەزایی و سستی لە بونیادنانی و كاری دامەزراوەكانی بەڕێوەبردن هەبێت، بەتایبەت بۆ میللەتێك كە كەمترین ئەزموونی دەوڵەتداری هەبێت، به‌ڵام ئەمە بەنای ئەوە نایەت تا سەر هەر بەم شێوەیە بڕوات.

هەرێمی كوردستان كە لەساڵی 1992دامەزرا بۆ بەڕێوەبردنی وڵات،ئەگەر لەسەرەتاوە خراپ بووبێ بەهۆی كەمی ئەزمون و نەبوونی پێویستی دارایی و ئابووری،به‌ڵام لە ئێستادا لە تەمەنی سێیەمین دەیەی دەسەڵاتێتی،خاوەنی دەیان ناوەندی خوێندنی باڵایە،بەدەیان هەزار بڕوانامەداری سەرووی بەكالیۆرۆسی هەیە، بۆیە پێویستی بەوە بوو دامەزراوەكانی زۆر نیشتمانی و ئەكتیڤ بانایە.

لە رابردوو زاڵ بوونی پشك پشكێنەی حزبی و زاڵ بوونی هێزی سەربازی بەهۆی شەڕی ناوخۆوە وایكرد جۆرێك دابەشكاری بهێنێتە كایەوە،به‌ڵام خۆ هەرێم بیست ساڵە لەم شەڕەدا نەماوە 13ساڵە لە دەستووری عیراق بووە بە هەرێمێكی قانوونی و دەستووری،چۆن دەبێ تا سەر بەم شێوە دابەشكاریە به‌ڕێوە ببردرێ‌ ؟! ئەمە وایكرد هەرچی خەڵكی دەروون نەخۆش و نا نیشتمانی و گەندەڵ هەیە لە دامەزراوەكانی هەرێم كۆببێتەوە،هەمووشی بەناوی حزب حزبێنەی بێ‌ بنەما بەرگری لە بۆچوونی سەقەت و نانیشتمانی بكەن،بۆ مانەوەی ئەو رەوەی كە خۆیان لێی سوودمەندن، بۆیە دامەزراوەكان زۆر لە رزۆك بوون.

ئەوە بوو بینیمان لە دوای رووداوەكانی ریفراندۆمە یەك لایەنەكەی هەرێم دووچاری چ شكانەوەیەك بووین. هێزی پێشمەرگەی یەكگرتوو بەیەك فیكەی نا مەسئولانەی لایەنێك لە 75%هەڵوەشایەوە،لە 25%ی كەی تر بە مێژوو یەكێتی بەرپرسیارانە لەمەیان مامەڵەی كرد لێنەگەڕا هەڵبوەشێتەوە،به‌ڵام ئەمە مانای ئەوە نییە تاسەر وابێت. بۆیە هەقە لەمەولا دامەزراوەكان لەسەر بنەمایەكی تەندروست بنیاد بنرێنەوە ،دووربن لەكەسی نەخۆش و لاواز كە هەمیشە بەهانەی پڕ و پوچ دەهێننەوە بۆ مانەوەی رەوشەكە تاكو ئەوان خۆیان بمێننەوە .

وەزارەتی پێشمەرگە هەقە دوو پێوەری هەبێت بۆ بونیادنانەوەی، یەكەمیان: هەموو سەربازەكانی لە تەمەنێكی تازە و پێگەیشتوو بن. دووەم: ئەفسەرەكانی بێ‌ بڕوانامەی ئەكادیمی سەربازی نەبن . یاخود هەوڵبدرێ‌ خزمەتی گشتی بخرێتە كار بۆ ئەوەی گەنجانی باشوور هەموویان سەربازی بكەن. دامەزراوەكان تێكەڵ بكرێن بە پێی پشكی هەڵبژاردن،لە ئێستادا كە پارێزگاری سلێمانی لەلایەن گۆڕانەوە وەرگیراوە، چی گۆڕا؟! خۆ دونیا وێران نەبوو،یەكێتیش لەناو نەچوو،گۆڕانیش هەموو كوردستان لوش نادات. ئەگەر ئەوانەی لە بەرپرسیارەتین لە هەرێم بیانەوێ‌ هەرێم بخەنەوە سەرپێ، ئەوە دەبێ هەنگاوی زانستی و جدی بنێن نەوەك هەر لەسەر دارو بەردووی كۆن و راوێژی بەرژەوەند پەرستەكانی دەورووبەریان .


PM:07:28:06/12/2017

ئه‌م بابه‌ته 1289 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی