نێوبانگی پەرلەمان..!

‌عەدالەت عەبدوڵڵا

لە سیستەمی دیموكراسیدا، بوونی ئەنجوومەنێكی نیشتمانی، كە نوێنەرایەتیی چین و توێژەكانی كۆمەڵ و دانیشتووانی ناوچە جیاجیاكانی وڵات بكات، پێویستییە. دیموكراسی، بەبێ دامەزراوەی پەرلەمان، هەموو شتێكە دیموكراسی نەبێت!.

ئەم دامەزراوەیە، وەها گریمانەكراوە كە سەرچاوەی بەرجەستەكردنی دەسەڵاتی گەلە. لەلایەكەوە بەدەنگدانی گشتیی ئەم ئیمتیازە وەردەگرێت، لەلایەكی تریشەوە، بەناوی گەلەوە، چاودێریی دەسەڵات و دەزگاكانی تری دەوڵەت دەكات، بەپێی تایبەتمەندێتیی ئەركەكانی خۆیشی، كە گرنگترینیان بریتین لە دەركردنی یاساكان و بەدواداچوون بۆ ئەندازەی جیبەجێكردنیان، نوێنەرایەتیی بەرژەوەندی و چاوەڕوانییەكانی میللەت دەكات، بڕیار لە چارەسەری دیموكراتییانەو یاساییانەش، بۆ كێشەو قەیرانەكانی وڵات و هاووڵاتیان، دەدات.

كە پەرلەمانت لە سیستەمی دیموكراسی، دەرهێنا، بەهایەك بۆ ناوی خودی سیستەمەكەش نامێنێتەوە!. دەسەڵاتی گەل، لەم سیستەمەدا، دەسەڵاتێكی راستەوخۆ نییە، چونكە مۆدێلی دیموكراسی، مۆدێلی نوێنەرایەتییە. ئێمە نە لە سەردەمی یۆنانی كۆن و فۆرمی» دیموكراسیی ئەسینا»ییدا ئەژین تا گەل خۆی، راستەوخۆ، لەسەر یاساكان بووەستێت و شارەكان پڕ بكەین لە ئاگۆراكانی دەنگدانی هاووڵاتیان، نە وەك كۆمەڵگەی سویسری-یش پێشكەوتووین تاوەكو گرنگیی بە مۆدێلی دیموكراسیی نیمچە راستەوخۆ بدەین و لەساڵێكدا، لانیكەم، چوارجار بگەڕێنەوە بۆ بڕیاری راستەوخۆی گەل لەیاساكاندا. لەم سەردەمەدا، تاقە بوارێك كە بۆ دیموكراسیی راستەوخۆ مابێتەوە، راپرسییە جەماوەرییەكانە، ئەویش زیاتر لە پرسە چارەنووسسازو ئاڵۆزەكاندایە كە دیموكراسیی نوێنەرایەتی نەتوانێت یەكلایان بكاتەوە.

كەوابێ، ئەو متمانەیەی كە بە نوێنەرانی گەل دەدرێت، متمانەیەكی پیرۆزە. ئەوەشی كە ئەبێتە نوێنەر ئەخرێتە ژێر باری ئەركێكی سەخت و لێپرسراوێتییەكی یەكجار هەستیارەوە. پەرلەمانتارێتی، پیشەیەكە، بۆ هەموو كەسێك ناشێ، مەرج و فلتەری سیاسی و زانستی و كۆمەڵایەتی و ئەخلاقی و بگرە عەقڵی و تەندروستیی زۆری، پێویستە. پەرلەمانتاربوون، ئیمتیاز نییە، كۆكردنەوەی دەسكەوتی تایبەتی و قازانجی كەسی نییە. راستە، ئەم پێگەیە، لەڕووی مەعنەوییەوە، بۆ كەسی پەرلەمانتار گرنگە، بە یاساش مافی پارێزبەندی بەدەستدەهێنێت و بە ئاسانی تووشی لێپرسینەوەی یاسایی نابێت مەگەر ناپاكیی نیشتمانی بكات!، بەڵام ئەو، لەكۆتاییدا، بوونەوەرێكە، لەهەموو كەسێك زیاتر چاوی میللەتی لەسەر ئەبێت، چونكە لەهەمووان زیاتر باسی نوێنەرایەتیی ماف و بەرژەوەندییەكانی خەڵك دەكات.

ئەزموونی پەرلەمان و پەرلەمانتارانی كوردستان، بەداخەوە، ئەزموونێك نییە كە دڵخوازی گەل، بەرپرسیارێتییان هەڵگرتبێت. ئەم ئەزموونە پێماندەڵێت، پەرلەمان هەم دەزگایەكی كارا نییە، هەم نەوەیەك لەپەرلەمانتارانیشی پێنەگەیاندووە توانای تێپەڕاندنی ئەو كورتهێنانانەیان هەبێت كە ئەوانی پێش خۆیان، هەیانبووە. پەرلەمانی ئێمە، زیاتر بۆتە دەزگای وەرگرتنی ئیمتیازاتی كەسی، هەر لەو مووچەو دیاری و هاوكارییە مادییانەوە كە بە پەرلەمانتاران دەدرێن، تا دەگاتە سەر ئیمتیازی خانەنشینی كە خراپترینیان ئەوەبوو كە لەم هەفتەیەدا، بە یاسا، رەوایەتییان پێداوە.

ئەو رووداوانە، بەئاشكرا، دەبنە مایەی خاڵیكردنەوەی چەمكی پەرلەمان وەك ئەنجومەنێك بۆ نوێنەرایەتیكردنی گەل، سیستەمی دیموكراسیش دەخاتە خزمەتی دەستەبژێری دەسەڵاتدارانەوە، بۆیە شەرمی تیا نییە كە هەموو هەڵوێستێكی پێویست وەربگیرێت بۆ ئەوەی نێوبانگی ئەم دامەزراوەیەمان، پارێزراو بێت!.


PM:05:55:19/03/2018

ئه‌م بابه‌ته 761 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی