نامەیەکی کراوە بۆ خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد

‌پەيمان عيزەدين



خاتون ، من زۆرجار نوسینەکانت ئەخوێنمە و کەبیری خۆمی ئەبەمەوە  بەڕێزتان  سەرکردەیەکی دیارن لە پارتێکی  خاوەن دەسەڵاتدا لە سلێمانی، نوسین و لێدوانەکانت بە  ئازایانە ئەبینم   . . بەڵام  کە چاوئەکەمەوە و ڕاستیەکان بە زەقی بەبەرچاوی من و هەزاران کەسەوەن ، لێت ناشارمەوە دوودڵی و بێ متمانەیی بە ئازایی و ڕاستی و قسەکردن دامئەگرێت.

بۆیە پێمخۆشبو لەم نامەیەدا وەک هاوڵاتیەکی ئەم شارە دەردەدڵی خۆمت بۆ بکەم .

خاتون هەمومان ئەزانین دەسەڵات لەم هەرێمەدا حیزب بەڕێوەی ئەبات، لە حیزبیشدا بنەماڵە خاوەن بڕیارو بەرژەوەندیە ، ئیتر ئەو بنەماڵەییە ڕاستەوخۆ بێ یا ناڕاستەوخۆ ، لەم جۆرە دەسەڵاتەشدا هیچ ڕۆڵێک نامێنێتەوە بۆ دامودەزگا و ئۆرگانی حکومی و هەڵبژێرراو .

ئەوەی لەسلێمانیدا ئەکرێ لە سوتاندنی شاخ و دارستان و دابەشکردنی زەوی و ڕوخاندنی جێگا و شوێنە دیارەکان و دەیان داگیرکاری تر ، لە ئەستۆی حیزبەکە ی  بەڕێزتانە ، کارگەی جگەرە کە بەناوی دەزگای کەلتوریەوە داگیرکراوە ، کێ کردویەتی و کێ سودی لێ ئەبینێ، تەختکردنی کەمپی کۆنی زانکۆ و نەخۆشخانەی فێرکاری لەلایەن کۆمپانیای قەیوانەوە کە قسەی لەسەر ئەکرێ، هی کێیە و لەبەرژەوەندی کێ ئەبێ ،ئەگەر تازەترین نمونەی بەرچاوی خۆمت بۆ باس بکەم کە گردێکی چەندین دۆنمیە لەبەکرەجۆ بەناوی دابەشکردنیەوە بۆ دژە تیرۆر بێ ئەوەی شارەوانی ئاگای لێبێ ، هی کێیە و کێ بڕیاری لێداوە.

خاتون هەموو ئەمانە و هەزاران کار و حاڵەتی ناقانونی تر حیزبەکەی بەڕێزتان ئەیکات و بەرپرسە لێی ، ناماقول و بڕوا پێنەکراوە وەک خۆتان ئەڵێن بەڕۆژی ڕوناک و بە بەرچاوی خەڵکەوە گڕ لەو دارە بەتەمەنانە بەربدرێت و یەکێتی نەتوانێ ڕایگرێ و نەزانێ ئەنجامدەرانی کێن.

بۆیە تکایەکی ژنانەت لێئەکەم ،تۆ وەک سەرکردەیەکی ئەو حیزبە و ئەندامی بنەماڵەی حوکمڕان لەو حیزبەدا ئەو هەڵمەتی داگیرکاریە ڕاگرە، خەڵکی سلێمانی لە جێی دارێک دوو دار ئەنێژینەوە .


PM:04:41:19/09/2020

ئه‌م بابه‌ته 1628 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی