بەڕێوەبەرایەتی نشینگەی سلێمانی سكاڵا لەسەر هونەرمەندێك تۆمار دەكات


وێستگە نیوز-
بەڕێوەبەرایەتی نشینگەی پارێزگای سلێمانی تۆمەتەكانی هونەرمەند سالار مەحمود ڕەت دەكاتەوە كە ئاڕاستەی ئەفسەران و كارمەندانی بنكەی نشینگەی فڕۆكەخانەی سلێمانی كردبوو، بەوەی گەشتیاران بە ئەنقەست ڕادەگرن و دەڵێت، سكاڵاشی لەسەر تۆمار دەكەن.

بەڕێوەبەرایەتی نشینگەی پارێزگای سلێمانی لەڕوونكردنەوەیەكدا رایگەیاندووەن هونەرمەند سالار مەحمود لەتۆڕە كۆمەڵایەتیەكاندا گرتە ڤیدیۆیەكی بڵاو كردۆتەوە، كە تیایدا باس لە هەڵسوكەوتی ئەفسەران و كارمەندانی بنكەی نشینگەی فڕۆكەخانەی سلێمانی دەكات لەبەرامبەر ئافرەتاندا كە بە ئەنقەست و بە بیانووی ساختەی پاسپۆرتەوە ڕایان دەگرن.

نشینگەی سلێمانی ئاماژەی بەوەكردووە "ئێمە سەرلەبەری ئەو قسانەی ناوبراو رەتدەكەینەوە، بە هەموو لایەكی ڕادەگەیەنین ئەوەی هونەرمەندی سالار مەحمود باسی دەكات، ڕێكاری یاساییە و لەبەرامبەر هەموو گەشتیارەكاندا جێبەجێ دەكرێت، ئەمەش بۆ دڵنیابوونەوەیە لە ساختە نەبوونی بەڵگەنامەكانی گەشتكردن و خاوەنی ڕاستەقینەی بەڵگەكە، كە ئەمەش لە سەرجەم فڕۆكەخانەكانی جیهان پەیڕەو دەكرێت و بەیاسا ڕێكخراوە، هەروەها كارمەندانی فڕۆكەخانەكانیش ڕێگایان پێدراوە لێكۆڵینەوەی تەواو لە بەڵگەنامەكان و خاوەنەكەی بكەن، بۆیە ئەمە گێچەڵ نییە، بەڵكو ڕێكاری یاساییە".

هەروەها وتویانە "قسەكانی هونەرمەند سالار مەحمود لە كاتێكدایە كە هەفتەی پێشوو ئافرەتێك كە كچی ئەو هونەرمەندەیە، هەرچەندە ئاماژە بەوە ناكات كە ئەو كەسەی بە وتەی خۆی "بیڕێزی پێكراوە" چی ئەوە؟، لە كاتی گەشتكردندا لە فڕۆكەخانەی سلێمانی لەلایەن ئەفسەران و كارمەندانەوە ئەركە فەرمیەكانیان بەوپەڕی ڕێزەوە بۆ جێبەجێكردووە، وەك هەموو ئەو گەشتیارێك، تەنها بۆ بەراوردكردنی نێوان وێنەی سەر پاسپۆرتەكە و خۆی، داوا كراوە دەمامكەكەی لابەرێت، بەڵام كچی هونەرمەند (سالار محمود) سوكایەتی بە ئەفسەران و كارمەندانمان كردووە، لەوەش زیاتر لە نێو تەرمیناڵ سوكایەتی و بێڕێزی بە كارمەندانی بەشەكانی دیكەی فرۆكەخانە و حكومەتی هەرێم  كردووە".

نشینگەی سلێمانی دەڵێن "بۆیە ئێمە لە بنكەی نشینگەی فڕۆكەخانە سكاڵای یاسایمان لەسەر هونەرمەند سالار مەحمود) تۆماركردووە و داوا دەكەین تۆمەتەكانی لە دادگا بسەلمێنێت، هەروەها بە مافی خۆمانی دەزانین سكاڵا و ڕێكاری یاسایی بەرامبەر هەموو ئەو كەسانە بگرینەبەر كە دەیانەوێت ناو و ناوبانگی فڕۆكەخانە و ئەفسەران و كارمەندانمان لە نشینگەی فڕۆكەخانە لەكەدار بكەن و پابەندی ڕێكارە یاساییەكان نابن".


PM:05:52:24/10/2020


ئه‌م بابه‌ته 2808 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو