شیروان میرزا: له‌ هه‌فته‌ی داهاتووه‌وه‌ به‌غدا 320 ملیار دیناره‌كه‌ ره‌وانه‌ی هه‌رێم ده‌كرێت


وێستگه‌ نیوز ـ
ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق رایگه‌یاند، لەم هەفتەیەدا لەگەڵ دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی عیراق دا 320 ملیار دینارەكەی هەرێم دەنێردرێت.

شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق  به‌ وێستگه‌ نیوزی راگه‌یاند: دەنگۆیەك بڵاوبوه‌تەوە كە گوایە حكومەتی عیراق وەك وەزارەتێك مامەڵە لەگەڵ هەرێم دەكات، بەڵام ئەوه‌ راست نییه‌ و لێكدانەوەیەكی دروستی بۆ نه‌كراوه‌، عیراق كاتێك پارەی هەرێم دەنێرێت كە مووچەی خۆی دابەشبكات پێشترین هەروابووە".

وتیشی: "حكومەتی عیراق لە هەفتەی داهاتووه‌وه‌ دەست بە دابەشكردنی مووچە دەكات، بۆیە پێشبینی دەكەین لەگەڵ دابەشكردنی مووچەی خۆیدا 320 ملیاردینارەكەی هەرێمیش بنێرێت".

بەپێی رێككەوتنێكی سەرەتایی كە لە نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی عیراقدا كراوە، بڕیارە تا كۆتایی ئەمساڵ بەغدا سێ جار بڕی 320 ملیار دینار بۆ هەرێم بنێرێت، تائێستا یەكجار ناردوویەتی.

هاوكات ئه‌مڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی رێککەوتنی نێوان هەرێم و  بەغدا لە پەرەی فەرمی خۆی لە تویتەر نوسی بووی، "گەشبینم بەوەی کە دەتوانین لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیی عیراق بگەینە رێککەوتنی کۆتایی".

باسی لەوەشکردبوو، "هەرچەندە بەربەستی زۆر هەن، بەڵام تیمێکی دانوستاندنی بەهێزمان هەیە و لە مەبەستەکەیاندا یەکگرتوون".

10ی ئەیلول مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عیراق سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لە هەولێر لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی هەرێم لەبارەی کێشە هەڵپەسێردراوەکان و پرسی خاڵە سنوورییەکان گفتوگۆیان کرد.


PM:10:32:18/09/2020


ئه‌م بابه‌ته 5732 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت