شاری پزیشكی فارووق روونكردنه‌وه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌

‌شاری پزیشکی فاروق

وێستگه‌ نیوز ـ
شاری پزیشكیی فاروق ڕونكردنەوەیەكی لە بارەی داخڵكردن و چارەسەركردنی تووشبووانی كۆرۆنا بڵاوكردەوە و دەڵێت، "نەخۆشخانەكەمان ئامادە نییە بۆ داخڵكردن و چارەسەری تووشبووی كۆڤید-19 چونكە تووشبووی كۆڕۆنا و بە تایبەتی لە حاڵەتە سەختەكاندا، پێویستی بە هەندێك ئامادەكاری تایبەت هەیە هەر لە كەرەنتین و پشكنین و سیستمی فشاری نێگەتیڤ لە ناو ژوورەكانی چارەسەر و لە بەشی چاودێری چڕ و هەروەها پێویستە ئەو شوێنەی تووشبووی كۆڕۆنای تیا داخڵدەكرێت و چارەسەریان بۆ دەكرێت بە هیچ شێوەیەك نەخۆشی تری جگە لە كۆڕۆنا تیا چارەسەر نەكرێت بۆ ئەوەی پەتاكە بۆ نەخۆشەكانی تر نەگوازرێتەوە".  


ئەمڕۆ سێشەممە، 11ی ئابی 2020، نەخۆشخانەكە لە روونكردنەوەیەكدا كه‌ وێنه‌یه‌كی بۆ وێستگه‌ نیوز نێردراوه‌ دەڵێت، "بە پێویستی دەزانین وەك شاری پزیشكیی فاروق دووپاتی بكەینەوە كە ئێمە ئاگادار نین و بە هیچ جۆرێك پەیوەندیمان نییە بەو بڕیارەی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە تیایدا رێگەی داوە بە چارەسەركردنی نەخۆشی كۆڕۆنا لە نەخۆشخانە ئەهلییەكان و هەروەها نرخی بۆ دیاری كردوون".  

دەشڵێت، "بەڵام ئێمە بە گرنگی دەزانین كە وەزارەت رێگە بدات بەو نەخۆشخانە ئەهلییانەی كە توانایان هەیە و ئامێری پێشكەوتووی (PCR-RT)یان هەیە وەك نەخۆشخانەكەمان، رێگەمان پێبدرێت كە پشكنین و دەستنیشانكردنی نەخۆشی كۆڕۆنا بكەین و بە نرخی تێچوون و بێ هیچ زیادكردنێك سەروو تێچوون، بۆ ئەوەی كە توانای دەستنیشانكردنی حاڵەتەكانی كۆرۆنا لە هەرێم و عیراق زیاد بكەین و هاوكاری زیاتری حكومەت بكەین بۆ زووتر دۆزینەوەو كەرەنتینی تووشبووان".  

ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌: "چونكە تا ئێستا ئەم كارە كاریگەرترین رێگەیە بۆ كەمكردنەوەی تەشەسەندنی پەتاكە كە بە داخەوە لە هەرێمدا لە هەڵكشاندایە. بە هیوای زوو چاكبوونەوە بۆ هەموو تووشبووانی ئەم پەتایە".


PM:05:49:11/08/2020


ئه‌م بابه‌ته 4644 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت