توشبویه‌كی دیكه‌ی كۆرۆنا له‌ سنوری سلێمانی گیانی له‌ده‌ستدا


وێستگه‌ نیوزـ

بەرەبەیانی ئەمڕۆ توشبویەکی دیکەی کۆرۆنا کە پیاوێکی تەمەن 50 ساڵ بووە لە قەزای سەیدسادق گیانی لەدەستدا. 
 
تەها ئەحمەد، سەرپەرشتیاری تیمی روبەڕوبونەوەی کۆرۆنا لە سەیدسادق ئاشكرایكرد كه‌ ئەو پیاوە كاتژمێر 2ی بەرەبەیانی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 11ی ته‌مموزی 2020 گیانی لەدەستداوە و ئاماژەی بەوە کرد، "ماوەی چەند رۆژێک بوو لە نەخۆشخانەی سەیدسادق مابوەوە، تەندروستیی خراپبوو و لەژێر چاودێریدا بوو"، دوای گیانلەدەستدانی لەلایەن تیمەکانی روبەڕوبونەوەی کۆرۆنا بەخاکسپێردراوە.

پیاوه‌كه‌ ناوی بەهائەددین حەسەنە و لێپرسراوی شوێنەواری شارەزور بووە، بە گیانلەدەستدانی ئەو کەسە، ژمارەی گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە قەزای سەیدسادقی سەر بە پارێزگای سلێمانی گەیشتە 13 کەس. 

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، تائێستا شەش هەزار و 230 توشبوی کۆرۆنا لە پارێزگای سلێمانی تۆمارکراون کە هەزار و 416 کەسیان چارەسەرکراون. 

لە هەرێمی کوردستانیش هەشت هەزار و 937 تووشبووی کۆرۆنا تۆمارکراون کە سێ هەزار و 211 کەسیان چارەسەرکراون و 305 کەسیش گیانیان لەدەستداوە. 


AM:10:37:11/07/2020


ئه‌م بابه‌ته 1840 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت