هێڤیدار ئه‌حمه‌د: مووچه‌ی پله‌ باڵاكان بۆ سه‌دا 15 كه‌مكراوه‌ته‌وه‌

‌هێڤیدار ئەحمەد

وێستگه‌ نیوز ـ
جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی‌ کوردستان رایدەگەیەنێت، پرۆژەی چاکسازی 100% ئامادەیە بۆ دەنگدان و بە گوێرەی‌ پڕۆژەکە هەموو بڕیارە هەڵەکان دەربارەی دامەزراندن و خانەنشینکردن هەڵدەوەشێنەوە و مووچەی پلە باڵا  لە 80%ەوە بۆ 15% كه‌مكراوه‌ته‌وه‌.


هێڤیدار ئەحمەد، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی‌ کوردستان لە پەڕەی‌ خۆی‌ لە تۆڕی‌ کۆمەڵایەتی‌ فەیسبووک بڵاویکردەوە، پرۆژەی چاکسازی هەموو بڕیارە هەڵەکان دەربارەی دامەزراندن و خانەنشینکردن هەڵدەوەشێنەوە.

ده‌شڵێت: "ئەوەی هەموومان داوا دەکەین کە هەر کەسێ بەدەر لەیاسا پلە و پۆستی وەرگرتبێت، لێی ده‌سەنرێتەوە و هەموو پاسەوانەکان سەر بە وەزارەتی ناوخۆ دەبێت و ئەوان بڕیار دەدەن کێ پاسەوانی هەبێ و چەند بن".

ئاماژەی‌ بەوەشکردووە، ماف و ئیمتییازاتی کەس و کاری شەهید 100% پارێزراودەبن هەر کەسێ تەنیا مووچەی زیندانی سیاسی هەبێ ئەوا تا هەتایە وەریدەگرێ و ئەوانەی‌ مووچەی خانەنشینیان کەمە بەرز دەبنەوە.

دەشڵێت، "چی دیکە خەڵک لە ماڵەوە ناهێنن بکەن بە مودیر عام و راوێژکار، ئەگەر کەمتر لە 15 ساڵ خزمەتی نەبێت، هەر کەسێ بەناحەق زیاتر لە یەک مووچەی هەبێ لێدەسەنرێتەوە".

لە بارەی‌ مووچەی پلە باڵا (سەرۆکی هەرێم، سەرۆکی پەرلەمان، سەرۆکی حکومەت، جێگرەکانییان، ئەندامانی پەرلەمان و وەزیرەکان جێگری‌ سەرۆکی‌ لیژنەی‌ دارایی‌ جەختیکردوەتەوە کە لە 80%ەوە کراوەتەوە بە 15% و نابێ لە 50% زیاتر وەربگرن.

روونیشیکردوەتەوە، یەکەم داهاتی ئەم پڕۆژەیە بو بەرزکردنەوەی پلەی ئەوانەی کەمترین مووچەی خانەنشینییان هەیە و ئەوانەی بە نایاسایی کراونەتەوە بە وەزیر، بریکاری وەزیر، بەڕێوەبەری گشتی، راوێژکار هەموو ئەو پلانە هەڵدەوەشێنەوە و سندۆقێکی خانەنشینی دادەمەزرێ و هەموو ئەو بەڕێوەبەرایەتییانەی بە ناوی خانەنشینی هەڵدەوەشن و دەچنە ژێر ئەو بەڕێوەبەرایەتییە.

بە وتەی‌ هێڤیدار لە رێگەی ئەم پڕۆژەیەوە هەوڵدراوە دادپەروەری بەرجەستەبکرێت، له‌و رووه‌وه‌ ده‌ڵێت: "گەر 100%یش نەبێ بە ڕێژەیەکی زۆر باش بەدیدێ و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵێنی داوە ئەم یاسایە بەجددی جێبەجێ بکات".



PM:10:57:15/01/2020


ئه‌م بابه‌ته 4420 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت