شاسوار عەبدولواحید: سبەینێ رۆژی جیاکردنەوەی پەرلەمانتارە بەڕەوشت و خاوەن هەڵوێستەکانە

‌شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ


وێستگە نیوز-
شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ڕایگەیاند، سبەینێ کە تێیدا پەرلەمانی کوردستان دەنگ لەسەر  پڕۆژە یاسای چاکسازی دەدات رۆژی جیاکردنەوەی پەرلەمانتارە بەڕەوشت و خاوەن هەڵوێستەکانە و دەشڵێت، " ئەمەی ئێستا یاسای چاکسازی نیە بەڵکو ئێمە پێیدەڵێین خراپسازی". 

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، لە پەیامێکیدا ئاماژەی بەوە کردووە، "سبەینێ رۆژی جیاکردنەوەی پەرلەمانتارە بەڕەوشت و خاوەن هەڵوێستەکانە لە پەرلەمانتاری بێڕەوشت و بێهەڵوێست و مشەخۆر". 

دەشڵێت، "ئەو پەرلەمانتارەی دەنگ دەدات بە یاسایەک کە موچەی خۆی و وەزیر و پلەباڵاکانی تر ٤٠ هێندەی موچەی کەمئەندام و فەرمانبەرانیترە، ئەوە مرۆڤێکی خۆپەرست، بەرژەوەندییخواز و مشەخۆرە و تەنها لە غەمی گیرفانی خۆیدایە، هەر حیزب و فراکسیۆنێک لە پەرلەمانتارەکانی قبوڵ بکات دەنگ بە پرۆژە یاسای لەم شێوەیە بدەن، ئەوە بێگومان ئەوانە حیزب نین، بەڵکو نووسیینگە و دوکانی پارەپەیداکردنن بۆ گیرفانی خۆیان".

ئاماژە بەوەش دەکات، "لە هەرێم موچەی ئێستای پلە باڵایەک هەشت ملیۆن دینارە و نزمتریین موچەش ١٥٠ بۆ ٢٠٠ هەزار دینارە (واتە موچەی وەزیر و پەرلەمانتار ٤٠ ئەوەندەی موچەی کەمئەندام و فەرمانبەرێکی ئاساییە).

شاسوار عەبدولواحید ڕوونیشیدەکاتەوە، " لە وڵاتێکی وەک سوید'دا، موچەی پەرلەمانتارێک مانگانە شەش هەزار یۆرۆیە و کەمتریین موچەی کەسێک کە ئیش بکات لەهەر فەرمانگە و شوێنێک مانگانە دوو هەزار یۆرۆیە (واتە موچەی پلەباڵاکان تەنها سێ هێندەی موچەی فەرمانبەرێکی ئاساییە)".

لەبارەی هەڵوێستی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەبارەی پرۆژەکەوە دەڵێت، " ئەمە لای جوڵانەوەی نەوەی نوێ و فراکسیۆنەکەی مایەی قبوڵ نییە، ئەمە یاسای چاکسازیی نییە کە بە هیچ شێوەیەک دەستی نەبردووە بۆ موچەی پلەباڵاکان و هەروەها باسی داهاتی نەوت و زۆر بابەتی تر ناکات، بەڵکو ئەمە لای ئێمە پێیدەڵێین یاسای خراپسازیی".

لە کۆتاییشدا نوسیویەتی، "پێویستە موچەی پلە باڵاکان بکرێنە نیوە و بە هیچ شێوەیەکیش کەسیان تا تەمەنی ٦٠ سالی خانەنشینی نەیانگرێتەوە، (بە هیچ بڕە پارەیەک)".


ش . ر 




PM:05:17:15/01/2020


ئه‌م بابه‌ته 2164 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت