مەسرور بارزانی: مووچەی هیچ کەسێکی شایستە بەتایبەتی کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی نابڕدرێت



وێستگە نیوز- 

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند،  ئامانج لە چاکسازی رێکخستنەوەی مووچە و دابەشکردنی داهاتە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە. وتیشی،" مووچە و مافی هیچ کەسێکی شایستە بەتایبەتی کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی نابڕدرێت".

 ئەمڕۆ چوارشەممە ١٥ ی ١ ی ٢٠٢٠ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران کۆبووەوە.

لە ڕاگەیەندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، "لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا ، سەرۆک وەزیران تیشکی خستە سەردانی ئەم هەفتەیەی شاندی حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان . سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەدا کە لە گەڵ شاندی عێراقی جەخت لە گرنگیی پابەندبوون بە رێککەوتنی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربارەی نەوت و بودجە و چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشەکان کراوەتەوە".

ئەوەش هاتووە، " پاشان سەرۆک وەزیران ئاماژەی بە پرۆژە یاسای چاکسازی دا و جەختی کردەوە کە حکومەتی هەرێم  بەردەوام دەبێت لە پرۆسەی چاکسازی و دووپاتیشی کردەوە کە ئامانج لە چاکسازی رێکخستنەوەی مووچە و دابەشکردنی داهاتە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە . دڵنیاییشیدا کە مووچە و مافی هیچ کەسێکی شایستە بەتایبەتی کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی نابڕدرێت . لە مبارەیەوە بڕیاردرا روونکردنەوەی پێویست لە بارەی پاراستنی مافی کەسوکاری شەهیدان و زیندانیان و گیراوانی سیاسی بدرێتە پەرلەمانی کوردستان".

ڕاگەیەندراوەکە ئاماژە بەوەش دەکات، "بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە ، گفتوگۆکردن بوو دەربارەی پڕۆژەی چوارچێوەی هاوبەشیی کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت (  Public Private Partnership  (PPP) ) کە بەشێکە لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان. ئەنجومەنی وەزیران سەڕەڕای پشتیوانیکردنی پڕۆژەکە لە پێناو جێبەجێکردنی پڕۆژەی ستراتیجی و خزمەتگوزاری بە هاوبەشی کەرتی تایبەت لە چوارچێوەیەکی یاسایی روون وئاشکرا و بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی گشتی ، ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتی پلاندانانی راسپارد لێکۆڵینەوەی زیاتر لەمبارەیەوە بکات و لایەنە پەیوەندیدارەکان بە پێشنیار و تێبینییەکانیان پڕۆژەکە دەوڵەمەندتر بکەن".


ش . ر 


PM:04:04:15/01/2020


ئه‌م بابه‌ته 1912 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت