وەزیری دەرەوەی قەتەر سەردانی هەرێمی كوردستان و عیراق دەكات


وێستگە نیوز-
ئاژانسی ئەنادۆڵ ئاشكرایكرد كە بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزیری دەرەوەی قەتەر، محەمەد بن عەبدولرەحمان ئال سانی سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان بکات و لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا و هەولێر کۆبێتەوە لە چوارچێوەی هەوڵەكانی دەوحە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە.

پێشتریش وەزیری دەرەوەی عێراق، محەمەد عەلی حەکیم لە تویتێکدا ئاشکرای کردبوو کە جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر، محەمەد بن عەبدولرەحمان سەردانی بەغدا دەکات، ئەوەیشی خستبووەڕوو کە ئامانج لە سەردانەکەی محەمەد بن عەبدولرەحمان بۆ گفتوگۆکردنە لەگەڵ گەورە بەرپرسانی عێراق سەبارەت بە کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ناوچەکەدا.

دواتر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئەحمەد سەحاف لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا جەختی لەوە کردەوە کە رۆژی چوارشەممە وەزیری دەرەوەی قەتەر، محەمەد بن عەبدولرەحمان ئال سانی بەسەردانێک دەگاتە بەغدا و لەمیانی سەردانەکەشدا بەجیا لەگەڵ سەرکۆمار، بەرھەم ئەحمەد ساڵح و سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەر، عادل عەبدولمەھدی و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، محەمەد حەلبوسی و وەزیری دەرەوە، محەمەد عەلی حەکیم کۆدەبێتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی دوای بەغدا، وەزیری دەرەوەی قەتەر ئێوارەی ئەمڕۆ سەردانی هەولێر دەکات و لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆدەبێتەوە.


د.ح
 


AM:10:17:15/01/2020


ئه‌م بابه‌ته 2060 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت