حکومەتی عیراق رەتیکردەوە شەوی رابردوو ئەمریکا هیچ هێرشێکی ئاسمانی لە تاجی ئەنجامدابێت


وێستگە نیوز- 
فەرماندەیی پرۆسە هاوبەشەکانی عیراق رەتیکردەوە شەوی رابردوو لە ناوچەی تاجی لە باکوری بەغدا هیچ هێرشێکی ئاسمانی ئەمریکی ئەنجامدرابێت. 

شانەی راگەیاندنی ئەمنی عیراق رایگەیاند، فەرماندەیی پرۆسە هاوبەشەکانی عیراق رەتیدەکاتەوە هیچ هێرشێکی ئاسمانی لەلایەن ئەمریکاوە لە ناوچەی تاجی باکوری بەغدا ڕوویدابێت، ئەو هەواڵەی بەشێک لە میدیاکان بڵاویانکردووەتەوە دوورە لە راستیەوە. 

فەرماندەیی پرۆسە هاوبەشەکان لە بەیاننامەکەیدا داواش دەکات میدیاکان لە گواستنەوەو گەیاندنی هەواڵ و زانیارییەکان ورد بن و ئاگاداربن لە بڵاوکردنەوەی دەنگۆ لەم کاتەی ئێستادا. 

ئەم ڕاگەیەندراوەی فەرماندەیی پرۆسە هاوبەشەکان لەکاتێکدایە، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە، شەش کەس لە ھێرشێکی ئاسمانی ئەمریکا لە ناوچەی تاجی بەغدا کوژراون و سێ کەسی دیکەش برینداربوون.

میدیاکانی عیراقیش بڵاویانكردووەتەوە، لە بۆردومانەکانی شەوی رابردووی ئەمریکا لە ناوچەی تاجی باکووری بەغدا چەند ئۆتۆمبێلێکی حەشدی شەعبی کراونەتە ئامانج و شەش کوژراو و سێ بریندار هەیە.

لەلایەکی دیکەوە، حەشدی شەعبی لە راگەیەنراوێکدا رەتی‌ کردەوە کە فەرماندەیەکیان لەهێرشەکە کوژرابێت و رایگەیاند، هێرشەکەی ئەمشەوی بەغدا، کاروانێکی تیمی‌ فریاگوزاری‌ تەندورستی‌ کردووەتە ئامانج و سەرکردەی باڵای تیادا نییە.


ش . ر 



AM:11:29:04/01/2020


ئه‌م بابه‌ته 2460 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو