باڵیۆزی ئێران لە UN : ئەمریکا بە کوشتنی قاسم سولەیمانی دەستپێکردنی جەنگی ڕاگەیاندووە

‌ماجد تاخت رافانچی، باڵیۆزی ئێران لە نەتەوەیەکگرتووەکان

 

وێستگە نیوز-

باڵیۆزی ئێران لە نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە کوشتنی قاسم سولەیمانی دەستپێکردنی جەنگی ڕاگەیاندووە و وتیشی، " تۆڵە لە ئەمریکا دەکەینەوە".

 

 

لە دیدارێکی لەگەڵ تۆڕی CNN  ی ئەمریکی، ماجد تاخت رافانچی، باڵیۆزی ئێران لە نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، ئەمریکا نەک تەنها لە ڕووی ئابوریەوە بەڵکو بە کوستنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و باڵاتارین ژەنەڕاڵی ئێران جەنگێکی دیکەی بەرامبەر ئێران دەستپێکردووە.

 

وتیشی، " گەلانی ئێران و ناوچەکەش بە لەدەستدانی سولەیمانی نیگەرانن، ناتوانین چاومان لەسەر ئەو ڕووداوەی شەوی هەینی دابخەین بێگومان تۆڵەمان دەبێت، تۆڵەیەکی قورس ، کات و شوێنی تۆڵەکەش ئێران دیاریدەکات".

 

لەسەر شێوازی وەڵامدانەوە ئێران بۆ هێرشەکەی ئەمریکا و کوژرانی قاسم سولەیمانی، باڵیۆزی ئێران لە یوئێن وتی، " لە ئێستادا وردەکاری تۆڵەی ئێران ئاشکرا ناکەم ، تەنها ئەوەی دەتوانم لە ئێستایا بیڵێم ئەوەیە بەئامانجگرتنی باڵاترین ژەنەڕاڵمان و بەبەکارهێنانی ئاسمانی دەوڵتێکی خاوەن سەروەری (عیراق) کە ئەوە پێشێلکردنی بەرپرسیارییەکانی ئەمریکایە بەرامبەر جیهان، دەبێ ئەمریکا پێشبینی هەر وەڵامێک لەسە کارە دوژمنکارانەکەی بکات".

 

ئاماژەی بەوەش کرد، عەلی خامنەیی، رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران  "بە وەڵامێکی توند" هەڕەشەی لە ئەمریکا کردووە .

 

دوێنێ قاسم سولەیمانی‌ فەرماندەی‌ فەیلەقی‌ قودسی ئێران و ئەبو مەهدی‌ موهەندیس، جێگری‌ سەرۆکی‌ دەستەی‌ حەشدی‌ شەعبی و هەشت فەرماندەی‌ دیکەی‌ سەربازی‌ بەهۆی‌ بۆردومانێکی‌ ئەمریکا لە بەغدا کوژران و ئەوەش کاردانەوەی‌ نێودەوڵەتی‌ لێکەوتەوە.

 


AM:11:02:04/01/2020


ئه‌م بابه‌ته 2024 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو