نێچیرڤان بارزانی: هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا بەتەواوی قبوڵنەکراو و ڕەتکراوەیە

‌نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان


وێستگە نیوز- 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە ئامانجگرتنی باڵیۆزخانەو نێردە دیپلۆماتیەکان لە عیراق بە "پێشهاتێکی مەترسیدار" ناودەبات و ڕاشیگەیاند، كارێكى به ‌ته‌واوى قبووڵنه‌كراو و ڕه‌تكراوه‌يه‌ و به‌رژه‌وه‌ندييه‌كانى عێراق ده‌خاته‌ مه‌ترسييه‌وه‌.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە لە بەیاننامەیەکدا راشیگەیاندووە، ئه‌مه‌ريكييه‌كان هاوپه‌يمان و دۆستى عێراق و هه‌رێمى كوردستانن و هاوبه‌شێكى سه‌ره‌كى بوون له‌ ڕزگاركردنى عێراق و سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر تيرۆرستانى قاعيده‌ و داعشدا. 

دەشڵێت، " هێشتاش عێراق و هه‌رێمى كوردستان پێويستييان به‌ پشتگيرى و هاوكاريى ئه‌مه‌ريكا و هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى هه‌يه"‌.

راگەیەندراوەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەکاتێکدایە دوێنێ لەلایەن لایەنگرانی حەشدی شەعبییەوە هەڵكوترایە سەر باڵەخانەی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا و دوو دەروازەیان سوتاند و ئەمڕۆش خۆپیشاندانی بەردەم باڵیۆزخانەی ئەمریکا بەردەوامە.

بەهۆی ئەو هێرشانەی لەلایەن گرووپێكەوە کۆتایی هەفتەی رابردوو كرایە سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لە کەرکوک، لە وەڵامدا رۆژی یەکشەممە سوپای ئەمریكا بە فڕۆكە چەند بنكەیەكی سەربازی حەشدی شەعبی لە قائیم لەسەر سنوری عیراق-سوریا بۆردومانكرد لە ئەنجامدا كوشتنی زیاتر لە 20 چەكداری حەشد و زیاتر لە 50 برنداری لێ كەوتەوە، بەو هۆوەیەوە دوو رۆژە خۆپیشاندان لەبەردەم باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە حیراق بەردەوامە.


دەقی ڕاگەیەندراوی سەرۆکی هەرێمی کوردستان 

گردبوونه‌وه‌ و خۆپيشاندانى مه‌ده‌نيانه‌ مافێكى ده‌ستوورييه‌، به‌ڵام به‌كارهێنانى توندوتيژى و په‌لاماردان و ڕه‌فتارى نابه‌رپرسانه‌ى به‌ئامانجگرتنى باڵيۆزخانه‌ و نێرده‌ ديپلۆماتييه‌كان، پێشهاتێكى مه‌ترسيداره‌. به‌ نيگه‌رانييه‌كى قووڵه‌وه‌ له‌ ڕووداوه‌كانى ئه‌م دواييه‌ و په‌لاماردانى باڵيۆزخانه‌ى ئه‌مه‌ريكا له‌ به‌غدا ده‌ڕوانين كه‌ كارێكى به ‌ته‌واوى قبووڵنه‌كراو و ڕه‌تكراوه‌يه‌ و به‌رژه‌وه‌ندييه‌كانى عێراق ده‌خاته‌ مه‌ترسييه‌وه‌.

ئه‌مه‌ريكييه‌كان هاوپه‌يمان و دۆستى عێراق و هه‌رێمى كوردستانن و هاوبه‌شێكى سه‌ره‌كى بوون له‌ ڕزگاركردنى عێراق و سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر تيرۆرستانى قاعيده‌ و داعشدا. بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى مه‌ترسييه‌كانى تيرۆر و پاراستنى به‌رژه‌وه‌ندييه‌كانيان، هێشتاش عێراق و هه‌رێمى كوردستان پێويستييان به‌ پشتگيرى و هاوكاريى ئه‌مه‌ريكا و هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى هه‌يه‌.

نێرده‌ى وڵاتان و ديپلۆماتكاران ميوانى عێراقن و ده‌بێ پارێزراو و ڕێزلێگيراو بن. داوا له‌ لايه‌نه‌ به‌رپرسه‌كان ده‌كه‌ين ئه‌ركى خۆيان له‌ پاراستنيان جێبه‌جێ بكه‌ن و ڕێگه‌ نه‌ده‌ن په‌لامارى باڵيۆزخانه‌ و دامه‌زراوه‌ و نێرده‌ ديپلۆماتييه‌كان بدرێت.

نێچيرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

1/1/2020


PM:05:00:01/01/2020


ئه‌م بابه‌ته 1564 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت