شیروان میرزا: به‌غدا 820 ملیار دینار مووچه‌ی پێشمه‌رگه‌ قه‌رزداره‌


وێستگه‌ نیوز ـ هه‌ستیار

ساڵی دارایی 2019ی عیراق لە كۆتایی نزیكدەبێتەوە‌و تا ئێستاش بەغدا هیچ بڕە پارەیەكی بۆ هێزەكانی پێشمەرگە خەرج نەكردووە، به‌ وته‌ی ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی دارایی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق، ئه‌و پاره‌یه‌ی له‌ ساڵی 2019دا بۆ پێشمه‌رگه‌ خه‌رج نه‌كراوه‌ 820 ملیار دیناره‌، كه‌ لەسەر بودجەی وەزارەتی بەرگری بۆ پێشمەرگە جێگیر كرابوو.


شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق بە وێستگه‌ نیوزی راگه‌یاند: "پاساوی بەغدا ئەوەیە گوایە هەرێم ئاماری ژمارەی پێشمەرگەی نەناردوە‌و هەرێمیش دەڵێت ئێمە هەموو شتێكمان ئامادەیە‌و بەغدا پارەكەی نەناردوە، كێشەكەش لە پێدانی ئامارەكەدایە، كە بەغدا حسابی 68 هەزار پێشمەرگەی كردوە‌و هەرێمیش زۆر لەوە زیاتر پێشمەرگەی هەیە، بۆیە لەو نێوەندەدا پارەكە فەوتا".

وتیشی: "پێنەدانی ئاماری راستەقینەی هێزەكانی پێشمەرگە بەهانەیەك بوو بەدەست بەغداوە تا پارەكە نەنێرێت، به‌ڵام ژمارەی راستەقینەی هێزەكانی پێشمەرگە بۆ ئێمەش روون نییە، بەڵام خۆشبەختانە لە دانوستانەكانی بودجەی ساڵی 2020 پشكی پێشمەرگە زیادكراوە‌و جێگیركراوە، بەجۆرێك مووچەی پێشمەرگە لەگەڵ مووچەی فەرمانبەران دێت‌ و جیا ناكرێتەوە".

له‌ باره‌ی چاره‌نووسی رێككه‌وتنی نێوان به‌غداو هه‌رێم دوای ده‌ستبه‌كاربوونی سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێ، ئه‌ندامه‌كه‌ی لیژنه‌ی دارایی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران وتی: "ئه‌و رێككه‌وتنه‌ له‌سه‌ر نه‌وت و بودجه‌یه‌، ئه‌وه‌ش له‌ پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ی 2020 جێگیر كراوه‌ و ده‌مێنێته‌وه‌ ئه‌و كه‌سه‌ی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق وه‌رده‌گرێت، ئایا پڕۆژه‌كه‌ به‌وجۆره‌ی له‌ وه‌زاره‌تی دارایی ئاماده‌كراوه‌ ده‌نێرێت بۆ په‌رله‌مان یان پێداچوونه‌وه‌ی پیاده‌كات و ده‌ستكاری پشكی هه‌رێم ده‌كرێت".

شیروان میرزا، ئه‌وه‌شی زیاد كرد، زۆرێك له‌و كاندیدانه‌ی پێشكه‌شكراون كه‌سانی باشن، به‌ڵام كاندیدیش هه‌یه‌ شۆڤێنییه‌و دژی خواست و مافه‌ ره‌واكانی گه‌لی كوردستانه‌، بۆیه‌ تا ئه‌و حكومه‌ته‌ی داهاتوو ده‌ستبه‌كار نه‌بێت، نازانرێت چاره‌نووسی رێككه‌وتنه‌كه‌ چی به‌سه‌ر دێت.


PM:06:04:25/12/2019


ئه‌م بابه‌ته 2904 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو