عادل عەبدولمەهدی ئیدانەی سزادانی بەرپرسانی حەشدی شەعبی دەكات لەلایەن ئەمریكاوە


وێستگە نیوز-
عادل عەبدولمەهدی سەرۆكوەزیرانی كاتى عیراق دەڵێت لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران ئیدانەی سزادانی ئەو بەرپرسانەمان كرد لەلایەن ئەمریكاوە كە بەشداریانكردووە لە جەنگی دژ بە داعش.


عادل عەبدولمەهدی لە راگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ سەبارەت بە كۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی وەزیران بڵاوی كردۆتەوە، بە بێ ئەوەی ناوی ئەمریكا بهێنێت دەڵێت "ئیدانەی ئەوەمان كرد كە ناوی هەندێك كەسایەتی و سەركردەی عیراقی بخرێتە لیستی سزاكانەوە كە خاوەنی مێژوون و رۆڵی سیاسی هەبووە لە رووبەڕوو بوونەوەی داعش، لەلایەن ئەو وڵاتانەی كە پەیوەندی و رێككەوتنمان لەگەڵیدا هەیە".

هەروەها دەڵێت "بە هەمان شێوە رەتیدەكەینەوە سوكایەتی بە ئاڵا و وێنەی سەركردەی وڵاتانی دراوسێمان بكرێت لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە كە پەیوەندی و رێككەوتنمان لەگەڵیاندا هەیە".

هاوكات سەرۆكوەزیرانی كاربەڕێكەری حكومەتی عیراق ئیدانەی سوكایەتی كردن بە سەركردە دیار و ناسراوەكان كردووە لەلایەن خۆپیشاندەران و دەڵێت ئەوە زیان بە عیراق و گەلەكەی دەگەیەنێت، دەشڵێت "هانی ڕق و كینە و توندوتیژی دەدات و كاریگەری لەسەر سومعەی عیراق هەیە و دەبێت هۆی دەرەنجامی خراپ كە كۆنترۆڵكردنی قورس دەبێت.

ئەم راگەیەندراوەی سەرۆكایەتی حكومەتی كاربەڕێ كەر لە دوای ئەوە دێت كە ژمارەیەك بەرپرسی عیراقی خراوەتە ناو لیستی سزاكانی ئەمریكا و هەروەها خۆپیشاندەرانی عیراق ئاڵای ئێران و وێنەی بەشێك لە كەسایەتییە ئێرانی و عیراقییەكانیان سوتاند.

د.ح
 


AM:10:24:15/12/2019


ئه‌م بابه‌ته 1524 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت