عەبدوڵا پەشێو لەسەر قسەكانی كوردستان موكریانی هاتە دەنگ



وێستگە نیوز
عەبدوڵا پەشێو، شاعیری ناسراوی كورد لەبارەی چەند وتەیەكی كوردستان گیو موكریان بێدەنگی دەشكێنێت و وڵامێكی توندی ئەو خانمە نوسەرە دەداتەوە.

پاش ئەوەی لەچەند رۆژی رابردوودا، (كوردستان گیو موكریان) خانمە نوسەری ناسراوی كورد لەمیانی دیدارێكی رۆژنامەوانیدا لەبارەی پەیوەندی خۆی و عەبدوڵا پەشێوەوە ووتی (هەندێك شیعری بۆ من نووسیوە، دەزانم كامانەن ئەو شیعرانە) پەشێو بە خرافاو وەسفی دەكات و دەڵێت" گەورەترین كارەسات ئەوەیە، لە سەروبەندی پیریدا مرۆڤ تووشی خرەفان بێ، دۆ و دۆشاو تێكەڵ بكا، ببێتە زەلیلی دەستی چەقەنەچییان و درۆی لێ ببێتە ڕاستی، دنیایەك لە وەهم بۆ خۆی بنیات بنێ".

كوردستان گیو موركیان لەدیدارەرۆژنامەوانییەكەدا وتویەتی" عەبدوڵا پەشێو شیعرەكانی خۆی بۆ من دەنارد بۆ ئەوەی چاوێكی پێدا بخشێنم بەرلەوەی بڵاوی بكاتەوە، ئیتر من هەڵمدەسەنگاند و بۆم دەناردەوە، هەندێكجار ئەو تێبینیانەی منی بەهەند وەردەگرت و چاكی دەكرد".

هاوكات لەبارەی شیعری (لە دەستم دێ) كە گوایە پەشێو بۆ ئەوەی نوسیوە وتویەتی "باوەڕ ناكەم، بەس خۆی دەزانێت بۆ كێی نووسیوە. بۆ دەبێت بۆ منی نووسیبێت؟ چونكە من هەر شتی باشم بۆ نووسیوە، نەك شتێك كە ئەو تووڕە بكات، نازانم... دووریش نییە.. ئەو دەزانێت".

هەروەها سەبارەت بە پەیوەندی خۆشەویستی نێوانیشیان موكریان دەڵێت"پەشێو كاتێك كە منی ناسی، بەڕاستی منی خۆشویست، بەڕێزت دەڵێی هەندێك لە شیعرەكانی، كەسانێكیش دەڵێن هەموو دیوانەكانی، برایا وابووایە، بەڵام بەڵێ هەندێك شیعری بۆ من نووسیوە، دەزانم كامانەن ئەو شیعرانە، یەكێك لەوانە وا بزانم كراوەتە گۆرانیش (بەڵێن بدە)، بەڵێنی بدەمێ واو.. واو.. وابێ، ئیتر".

ئەو خانمە نوسەرە جەختی لەوەش كردۆتەوە كە (عەبدوڵا پەشێو) بوێری ئەوەی نەبووە راستەوخۆ پێی بێڵێت كە خۆشی ئەوێت و بۆ ئەوەش دەڵێت"موكریانی: نەخێر، ئەو بوێریەی تێدا نەبوو بەداخەوە" و ناشیشارێتەوە حەزی كردوە كە پەشێو پێی راستەوخۆ پێی بوتایە.

دەقی رونكردنەوەكەی عەبدوڵا پەشێو لەبارەی قسەكانی كوردستان گیو موكریان

‎تەمەن، هەرچەند هەڵكشێ، دەشێ بەختەوەریی تێدا بدۆزیتەوە، بۆیە، پێم وا نییە پیری خەوش و كێماسی بێ، یان كارەسات، بەڵام گەورەترین كارەسات ئەوەیە، لە سەروبەندی پیریدا مرۆڤ تووشی خرەفان بێ، دۆ و دۆشاو تێكەڵ بكا، ببێتە زەلیلی دەستی چەقەنەچییان و درۆی لێ ببێتە ڕاستی، دنیایەك لە وەهم بۆ خۆی بنیات بنێ. بەڵێ، مرۆ كە خرەفا دەشێ خۆی لێ ببێتە قارەمانی شیعر و داستانان، ببێتە حەبیبەی نالی و شیرینی وەفایی، بخزێتە ناو مێژووی ئەدەبییاتەوە، جێ بە ئازیزانی پەپوولەئاسای ناو شەونامەی شاعیرێك لەق كا.

‎مێژووی سیاسیمان ئەگەر هەمووشی نەبێ، بەشی هەرە زۆری درۆیە، خەریكە مێژووی ئەدەبیشمان بە هەمان دەرد دەچێ. من، كە هێشتا زیندووم هەزار درۆم بۆ هەڵدەبەستن و بە زەبری پارە و دەسەڵات دەیكەن بە فاكت، بەڵام، نەخێر! تا خۆم زیندووم، ناهێڵم ئەوە سەر بگرێ.ناهێڵم قارەمانی ساختە جێی خۆشەویستەكانم بگرنەوە.

‎خوایە، من قەت بۆ تەمەنی نووح ناپاڕێمەوە. دەزانم، شێوازی ژیانی من و ئەو ڕێبازەی لەسەری ڕۆیشتم هی ئەوە نەبوون كە تەمەنم هێندە بڕبكا، بەڵام كردی و هەروا بەردەوامە. سوپاس.

‎خوایە، هەرچیم بەسەر دێنیت پێی قایلم، خرەفان نەبێ!    

‎عەبدولا پەشێو


PM:04:00:23/09/2019


ئه‌م بابه‌ته 4108 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو