هیوا ئه‌فه‌ندی: قۆناغی دووەمی بایۆمەتری تایبەتە بە ئەلیکترۆنی کردنی ژمێریاری و گواستنەوەی راژە

‌هیوا ئەفەندی

وێستگە نیوز ـ

لە کابینەی پێشووی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری بە ئەلیکترۆنیکردنی خزمەتگوزاری فەرمانگە و وەزارەکان درا و فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری بۆ ئەو کارە راسپێردرا، وێستگە نیوز دیدارێکی لەگەڵ هیوا ئەفەندی، سەرۆکی فەرمانگەکە بۆ وەرگرتنی دوایین زانیاری و وردەکاری کاروبارەکانیان ئەنجامدا.  


وێستگە نیوز:  کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم پلانێکی ڕوونی هەیە کە درێژە بە پرۆسەی بە ئەلیکترۆنیکردنی خزمەتگوزاری وەزارەت و فەرمانگەکان بدات؟

هیوا ئەفەندی: لە کارنامەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت خوێندییەوە سەبارەت بەم بابەتە روئیای حکومەت دیار بوو و لەو بارەیەوە ئامانجی حکومەت ڕوون بوو کە خواستی هەیە درێژە بەو پرۆسەیە بدات.

وێستگە نیوز: ئێستا پرۆسەکە لە چ قۆناغێکدایە؟

هیوا ئەفەندی: قۆناغی دووی بایۆمەتری دەستپێدەکاتەوە کە تایبەتە بە ئەلیکترۆنی کردنی ژمێریاری و گواستنەوەی راژە و کۆمەڵێک بەشی دیکە لەخۆدەگرێت، بە ئەلیکترۆنیکردنی فەرمانگەکانی دادیش هەر لەو چوارچێوەدایە کە پێشتر گوشارێکی زۆر بۆ هاوڵاتیان دروست دەبوو لە ڕاییکردنی کارەکانیان.

وێستگە نیوز: وردەکاری شێوازی کارکردنی فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری چۆنە؟

هیوا ئەفەندی: کاری فەرمانگەی ئێمە بریتیە سەرپەرشتیکردنی پرۆسەی بە ئەلیکترۆنیکردنی خزمەتگوزارییەکانی سەرجەم وەزارەتەکان، داڕشتنی رێنمایی لەسەر شێوازی کارکردن و هەروەها چاودێری و هەڵسەنگاندنی کەموکورتیەکان و کۆمەڵێک وردەکاری دیکەش.

وێستگە نیوز: لە پرۆسەی بە ئەلیکترۆنی خزمەتگوزارییەکان ئەو پێویستیانە چین کە بۆ پرۆسەکە خاڵی سەرەکین ؟

هیوا ئەفەندی: چوار خاڵ زۆر گرنگە و کارەکان بەرەوپێش دەبات، یەکەم ئەوەیە کە سەرکردەوەو دەسەڵاتدارەکانی حکومەت روئیایان هەبێت بۆ گرنگی کارەکە و گرنگی و بەهای تەکنەلۆجیا لە حوکمڕانیدا.  

خاڵی دووەم و زۆر گرنگ دابینکردنی بودجەی تایبەت بۆ کارەکانی کە ئەگەر بودجەیەکی تایبەت نەبێت بەربەستی زۆر بۆ بەڕێوەچوونی کارەکان دروست دەبێت.

خاڵی سێیەم  نەبوونی قیادەی ئەلیکترۆنی، واتە بوونی دەزگایەکی مەرکەزی کارەکان بەڕێوەببات وەک چۆن بۆ  بۆ نەوت و تەندروستی و هەر بەشێکی دیکە وەزارەتی تایبەت هەیە، گرنگیشە بۆ ئەلیکترۆنیکردنی خزمەتگوزارییەکانی دەزگایەکی مەرکەزی هەبێت ئیتر هەر ناوێکی هەبێت چ وەزارەت بێت یان دەستە یان فەرمانگە.

خاڵی چوارەمیش بوونی ستافی پێویستی سەرچاوەی مرۆیی کە بە شارەزایی و کارایی کاربکەن.

وێستگە نیوز: ئەو بەربەست و کێشانە چین کە لەبەردەم بەڕێوەچوونی کارەکانی ئێوەدان؟

هیوا ئەفەندی: لە کوردستان ئێمە ئەو کێشەیەمان هەیە کە فەرمانگەکەمان ئەو دەسەڵاتە ناوەندیەی پێ نەسپێردراوە تا کارەکانی بێ کێشە بکات، لەم دۆخەدا هەندێ وەزارەت موهتەم نابن بە بڕیارەکانمان یاخود رازی نابن بە رێنماییەکان، لە ئێستادا ئەمە گەورەترین کێشەی حکومەتە، بە ئەلیکترۆنیکردنی خزمەتگوزارییەکان دەبێ بخرێتە ئەستۆی لایەنێکی مەرکەزی دیاریکراو و ناکرێ هەر وەزارەتەی بۆ خۆی بە جۆرێک کارەکان بکات.

وێستگە نیوز:  کەواتە کارەکانی ئێوە بەپێی یاسایەکی دیاریکراو ڕێنمایی گشتگیر ڕێکنەخراوە.

هیوا ئەفەندی: تا ئێستا فەرمانگەکەی ئێمە بەپێی یاسا ئەو دەسەڵاتە فەرمیەی پێ نەدراوە، ئێمە بە کردەوە کارەکانمان دەکەین بەڵام یاسایەکی گشتگیر (مەرکەزی) کارەکانی ئێمەی رێکنەخستووە و ئەمەش یەکێکە لە کێشە سەرەکیەکانی حکومەت.

وێستگە نیوز: ئومێد هەیە لە ماوەی چوار ساڵی ئەم کابینە کارەکانتان با باشی بەڕێوەبچن؟

هیوا ئەفەندی: من گەشبینم بەوەی لە ماوەی چوار ساڵی ئەم کابینەیە کاری باش دەکەین.


PM:09:32:27/08/2019


ئه‌م بابه‌ته 5752 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو