یەرەکە: جموجوڵی ئێران لەسەر سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیادیکردووە
لۆگۆی یەکینەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان- یەرەکە
وێستگە نیوز-
یەکینەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان- یەرەکە رایدەگەێنێت "جموجوڵە سەربازییەکانی ڕژێمی ئێران لەسەر سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیادیکردووە و ئێمەش ئەو جموجۆڵانەمان خستووەتە ژێر چاودێرییەوە".
ئەمڕۆ هەینی ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکینەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان- یەرەکە، لە ڕاگەیندراوێکدا، کە لەسەر ماڵپەڕی پژاک بڵاوی کردووەتەوە، ئاماژەی بە سووڕانەوەی فڕۆکە سیخوڕییەکانی سوپای ئێران کردووە و ڕایگەیاندووە "شەڕ و پێکدادانی هێزەکانی ڕژێم لەگەڵ گەریلاکان بە هاوکاری بەکرێگیراوان و جاشەکانی ڕژێم لە چوارچێوەی پیلانێکی گەورە دەکرێت و ئێمەش ئەو جموجۆڵانەمان خستووەتە ژێر چاودێرییەوە".
ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکینەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاماژەی بەوەداوە "فڕۆکە سیخوڕییەکانی ڕژێمی داگیرکەری ئێران ڕۆژی ١٧ی ئەم مانگە کاتژمێر ١٠:٠٠ بۆ ١١:٠٠ و هەروەها ئێوارەی هەمان ڕۆژ لە کاتژمێر ٠٣:٠٠ بۆ ١١:٠٠ی شەو بەسەر کوێستانی ئاسوس، کە سەربە ناوچەی ماوەت کە لە پارێزگای سلێمانییە، سووڕاونەتەوە".
ناوەندی ڕاگەیاندنی یەرەکە باسی لەوەشکردوە "چاودێریی هەموو جموجوڵ و کردەوەکانی دوژمن دەکەین، هەروەها هێرش و پێکدادانەکانی هێزە سەربازییەکان، جاش و بەکرێگیراوەکانی ڕژێم لەگەڵ هێزەکانی گەریلا لە چەند ناوچەیەکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە چوارچێوەی پرۆژە و پیلانێکی گەورە و بەرفراوان دەبینین".
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەی ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکینەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان- یەرەکە، وتوشیەتی " لە بەرامبەر هەموو جموجوڵە لۆجستی، سەربازی و سیخوڕییەکانی ڕژێمی خۆسەپێنی ئێران دەوەستینەوە و ئەم کردەوە و ڕەفتارانە، بە کارێکی دنەدان ئامێزی دەنرخێنین".
هــ. ب
PM:05:07:19/07/2019
ئهم بابهته 1724
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت