سێ ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵ دەستیان لەکارکێشایەوە
وێستگه نیوز ـ
لە نامەیەکدا ههریهكه له سەلیم كۆیی و ئیسماعیل رەسوڵ و سەعید هەرکی، ئەندامانی سەرکردایەتی کۆمەڵی ئیسلامی دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان لە ئەندامێتی ئەو حزبە راگەیاند.
لە نامەکەیاندا بۆ رای گشتی ئەو سێ ئەندامەی سەرکردایەتی کۆمەڵ رایانگەیاندووە، هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەیان لە حزبەکە "نەبوونی پرۆژەیەكی سیاسی گشتگیر بەجۆرێك خزمەتی گشت چین وتوێژەكانی كۆمەڵگەی كوردی بكات بێ جیاكاری لە نێوان تاكەكانی. ئەو بنەما پیرۆزانەی ئیسلام كە بانگەشەی بۆ دەكرێت لەناو حزب لە بنەماكانی دادگەری، و یەكسانی وشورا و راوێژ تەنها بونەتە دروشم و لە هەڵسوكەوتی ناو حزب بەدیناكرێن وپێچەوانەكەشی جێبەجێ دەكرێن".
یەکێکی دیکە لەو هۆکارانەی دیکەی ئاماژەبان پێکردووە، "پشتگوێخستنی پێگەی سیاسی و ئابووری ودیپلۆماسی وجەماوەریی شاری هەولێری پایتەخت لەلایەن باڵی دەسترۆیشتوانی ئەنجومەنی بانگەواز وبەڕێوەبردن، نەبوونی ستراتیژ و پلانی سیاسی تۆكمە لەلایەن حزبەوە. کە بوەتە هۆكاری ناڕوونی لە سیاسەتی حزبدا؛ هەر بۆیە تا ئێستاش خەڵكی كوردستان بەرچاوی رۆشننیە ئایا كۆمەڵ حزبێكی ئۆپۆزسیۆنە یاخود بەشدارە لە حكومەت؟!".
دهقی نامهمهكه:
بەناوی خوای گەورەی میهرەبان
بۆ/ خەڵكی هەرێمی كوردستان / ئیسلام دۆستانی دڵسۆز / رای گشتی / كەناڵەكانی راگەیاندن
بابەت/ دەست لەكاركێشانەوە
لەسۆنگەی بڕوا بوونمان بەوەی حیزب دەبێ ئامرازێك بێت بۆ بەدیهێنانی ئامانجگەلێك كە لەسایەیدا دادپەروەری و ئارامی و خۆشگوزەرانی بۆ خەڵك دەستەبەربكات و هەلی یەكسان بڕەخسێنێ بۆ دەرخستنی تواناو كارامەیی و لێهاتوویەكانی كادیران و ئەندامەكانی لەپێناو خزمەتكردنی باشتر و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی گەورەتربۆ گەل و وڵاتەكەی، بەڵام ئەوكاتەی حیزب خۆی ببێت بەئامانج و سەرچاوەی بژێوی بۆ كەسانێكی دیاری كراو و نەتوانێت لەخودی خۆیدا دادپەروەری بەرقەرار بكات پێویستە سەركردایەتی و كادیران و ئەندامەكانی هەموو هەوڵ و تەقەلاكانیان بخەنەگەڕ بۆ چاكسازی و ڕاستەڕێ كردنی، ئەگەرنا لانی كەم هەڵوێست وەربگرن.
بەڕێزان...
دوای ئەوەی بەشێكی زۆری تەمەنمان بەدڵسۆزانەو لێنەبڕاوانە لە رابوونی ئیسلامی بەسەربردوە ولەخزمەتی بانگەوازی ئیسلامی بووینە لە ریزەكانی كۆمەڵی ئیسلامی وپێشتریش لە چوار چێوەی بزوتنەوەی ئیسلامی، ئێمەی ئەندامانی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی كە ناو وپۆست و واژۆمان لەخوارەوە هاتووە، ئەمڕۆ رۆژی هەینی 19/4/2019 رایدەگەیەنین كە واز لە گشت پۆستەكانمان دەهێنین ودەست لەكاردەكێشینەوە لە ئەندامێتی ئەو حزبە. ئەم بڕیارەشەمان بە كورتی دەگەڕێنینەوە بۆ ئەو هۆكارانەوەی خوارەوە:
یەكەم: نەبوونی پرۆژەیەكی سیاسی گشتگیر بەجۆرێك خزمەتی گشت چین وتوێژەكانی كۆمەڵگەی كوردی بكات بێ جیاكاری لە نێوان تاكەكانی.
دووەم: جێبەجێنەكردنی ئەو بنەما پیرۆزانەی ئیسلام كە بانگەشەی بۆ دەكرێت لەناو حیزب. بنەماكانی دادگەری، ویەكسانی وشورا وراوێژ تەنها بونەتە دروشم و لە هەڵسوكەوتی ناو حزب بەدیناكرێن وپێچەوانەكەشی جێبەجێ دەكرێن لە قۆرغكاری دەسەڵات لەناو گروپ وباڵێكی ناوكۆمەڵی ئیسلامی ودەركردنی چەندین بڕیاری نادادوەرانە بەسەر كادیر وئەندامانی ناو حزب.
سێیەم: پشتگوێخستنی پێگەی سیاسی وئابوری ودیپلۆماسی وجەماوەریی شاری هەولێری پایتەخت لەلایەن باڵی دەسترۆیشتوانی ئەنجومەنی بانگەواز وبەڕێوەبردن. تەنانەت زۆر جار كێشەو گرفتی گەورە دروستكراوە بۆ مەڵبەند وئەنجومەنەكانی سنوری پارێزگای هەولێر لەلایەن ئەو گروپە.
چوارەم: نەبوونی ستراتیژ وپلانی سیاسی تۆكمە لەلایەن حزبەوە. ئەم نەبونی پلانەش بۆتە هۆكاری نارونی لە سیاسەتی حزبدا؛ هەر بۆیە تا ئێستاش خەڵكی كوردستان بەرچاوی رۆشننیە ئایا كۆمەڵ حزبێكی ئۆپۆزسیۆنە یاخود بەشدارە لە حكومەت؟!
ئێمە لەگەڵ ئەوەی دووپاتی دەكەینەوە كە لەم بەروارەی سەرەوە هیچ پەیوەندیەكمان نەماوە بە كۆمەڵی ئیسلامی، داوا لە بەڕێز ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی دەكەین هەوڵی راستەقینە بدات بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی ناو حزبەكەی وئێمەش بەڵێن دەدەین لەدەرەوەی ئەو حزبە هاوكاری دڵسۆزیان بین بۆ پرۆسەی چاكسازی ریشەیی لە كۆمەڵی ئیسلامی وهەر پڕۆژەیەكی ئیسلامی تر.
لە كۆتاییدا دەست لەكاركێشانەوەمان لەو حزبە مانای دەستبەرداربونمان ناگەیەنێ لە پرۆژە ئیسلامی وچاكسازیەكان، بەڵكو دەبێتە سەرەتای دەستپێكی قۆناغێكی نوێی بانگەوازی ئیسلامی وپرۆسەی چاكسازی سیاسی ریشەیی لەهەرێمی كوردستان. خوای گەورە پشتوپەنامان بێت بۆ دین وژینی هەمووان.
سەلیم كۆیی / ئەندامی سەركردایەتی ولێپرسراوی ناوەندی پەیوەندیەكانی كۆمەڵی ئیسلامی
سەعید هەركی / ئەندامی سەركردایەتی ولێپرسراوی مەڵبەندی (11)ی دەوروبەری هەولێر
ئیسماعیل رەسول / ئەندامی سەركردایەتی ولێپرسراوی مەڵبەندی (3)ی هەولێر
PM:05:57:19/04/2019
ئهم بابهته 5324
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت