حاجی كاروان: لیژنه‌ی فه‌توا پێیان وتم 49 ملیۆنه‌كه‌ی خانه‌نشینی په‌رله‌مانتاران حه‌ڵاڵه
وێستكه نیوز –
حاجی كاروان په‌رله‌مانتاری فڕاكسیۆنی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان له خولی چواره‌می په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند كه "لیژنه‌ی فه‌توا پێیان وتم 49 ملیۆنه‌كه‌ی خانه‌نشینی په‌رله‌مانتاران حه‌ڵاڵه، ئه‌گه‌ر حه‌رام بوایه ئێمه فتوامان ده‌رده‌كرد بۆی".
حاجی كاروان په‌رله‌مانتاری فڕاكسیۆنی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان له خولی چواره‌می په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان له وتووێژێكدا له‌گه‌ڵ ده‌نگی ئه‌مریكا رایگه‌یاند كه "ئه‌و 49 ملیۆنه‌ی خانه‌نشینی ئیكرامی په‌رله‌مانتاران وه‌ریده‌گرن حه‌ڵاڵه چونكه به‌ڕێگه‌ی مه‌شروع وه‌ریده‌گرن و به‌یاسا بۆیان دیاریكراوه".
حاجی كاروان ده‌ڵێت: "من ناحه‌قی خه‌ڵك ناگرم قسه به پله باڵاكان ده‌ڵێت له‌سه‌ر موچه‌كانیان، به‌ڵام بۆ به‌ته‌نها ئه‌م قسانه بۆ په‌رله‌مانتاران بێت؟!".
سه‌باره‌ت به‌وه‌ی پێشتر بێگه‌رد تاڵه‌بانی سكرتێری په‌رله‌مانی ره‌خنه‌ی له‌و په‌رله‌مانتارانه گرت كه هێشتا پاره‌كه‌ی خانهنشینهكهیان وه‌رنه‌گرتووه ده‌ڵێن ده‌یبه‌خشین، حاجی كاروان كه یه‌كێك بوو له‌وانه‌ی رایگه‌یاند: موچه‌ی خانه‌نشینیه‌كه‌ی ده‌داته منداڵانی بێ باوك، وتی: "بێگه‌رد خان مافی خۆیه‌تی ئه‌و قسه‌یه بكات، چونكه له‌ڕوانگه‌ی حزبه‌كه‌ی خۆیه‌وه ئه‌و قسانه ده‌كات كه حزبه‌كه‌ی غه‌رق بووه له‌دزی و گه‌نده‌ڵی هیچی ئه‌م میلـلـهته نه‌ما نه‌یدزن، بۆیه مافی خۆیه‌تی ئه‌و قسانه بكات".
ئاماژه‌شی به‌وه‌دا كه "ئه‌مه یه‌كه‌مجار نیه ئێمه له‌ناو منداڵانی بێ باوك بین پێشتریش مانگانه نیوه‌ی موچهكانمان بۆ ئه‌وان بووه، پێویستمان به‌وه نییه شته‌كانمان پیشانی بێگه‌رد بده‌ین له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌مه شتێكه له‌نێوان خۆمان و خوادا، ئه‌وكاته‌ی وه‌رمانگرت له‌به‌رده‌م خه‌ڵك ده‌یكه‌ین تا خه‌ڵكی تری خێرخواز هان بده‌ین".
وتیشی: "به‌حه‌ڵاڵیشی ده‌بینین ئه‌و پاره‌یه چونكه به "مه‌شروع" وه‌رده‌گیرێت ئه‌و پاره‌یه به‌پێی یاسا له‌هه‌موو عیراقدا هه‌یه، به‌ڵام له‌م بارودۆخه‌ی میلهتهكهمی تێدا ده‌ژی من پێم باشبوو به‌شه‌كه‌ی خۆم بده‌م به منداڵانی بێ باوك وه ئهشیدهم ئه‌مه به ئازایه‌تی نابینین".
حاجی كاروان روونیشیكرده‌وه كه "ئه‌و پاره‌یه پاره‌ی شه‌ش مانگ كاری (وه‌زیفی) خۆمانه، ئه‌گه‌ر وهریشینهگرین له‌گه‌نده‌ڵی و له‌ملاولا خه‌رج ده‌كرێت، ئێـمه وه‌ریبگرین به‌ده‌ستێكی ئه‌مینی خۆمان ده‌یده‌ینه ئه‌و كه‌سانه‌ی كه نه پارتی و یه‌كێتی نه حكومه‌تی هه‌رێمیش ده‌ستیان پێناگات، ئه‌گه‌ر سیقه‌مان به حكومه‌تی هه‌رێم هه‌بوایه ده‌بوو ئه‌و گه‌نده‌ڵیانه چاره‌سه‌ر بونایه، ده‌بوو پاره‌ی قه‌رزی موچه‌ی پاشه‌كه‌وتی میلـلـه‌ت بداته‌وه، ئیتر چۆن ده‌توانێت پاره‌ی ئێمه بگه‌ڕێنێته‌وه بیدات به‌خه‌ڵك".
حاجی كاروان باسی له‌وه‌شكرد كه "خۆزگه هه‌ر نه‌درایه، ئه‌گه‌ر نه‌درایه زۆر باشتربوو، سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان بڕیارێك ده‌ربكات ئه‌و پاره‌یه وه‌رنه‌گیرێت، چونكه حكومه‌ت ناتوانێت بڵێت ناتوانم بیده‌م ئه‌وه له‌ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانه بڕیار ده‌ربكات بڵێت وه‌رناگیرێت، ئه‌م دوو حیزبه به‌م بابه‌تی خانه‌نشینی په‌رله‌مانتاره وایان كرد ئه‌و له 20%ی شكۆی په‌رله‌مان مابوو ئه‌وه‌ش نه‌مێنێت، چونكه له‌لای خه‌ڵك وایان كرد كه په‌رله‌مان به پاره‌خواردن و دزی دنیایه‌ك جنێو و قسه تۆمه‌تبار بكه‌ن، تا دزی و گه‌نده‌ڵی و بندیواره‌كانی خۆیان بشارنه‌وه، له‌كاتێكدا ئه‌مه پاره خواردن نییه چونكه به یاسا رێكخراوه و ڕێگه‌ی پێدراوه به‌ڵام بوترێت زۆره بڕه‌كه‌ی یا كاته‌كه‌ی گونجاو نیه ئه‌وه ڕاسته، ئه‌و دوو حیزبه به‌مه‌به‌ست ئه‌م بابه‌ته گه‌وره‌ده‌كه‌ن خه‌ڵكیان هێنایه به‌رده‌م په‌رله‌مان له‌كاتێكدا "ئێمتیازات"ی وه‌زیره‌كان زیاتره ئێ بۆ نه‌چوونه به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كه سه‌رۆكی حكومه‌ت له پارتییه و جێگره‌كه‌ی لهیهكێتییه".
حاجی كاروان جه‌ختیشیكرده‌وه" ئه‌و پاره‌ی خانه‌نشینی په‌رله‌مانتارانه، حه‌ڵاڵه چونكه ئه‌گه‌ر حه‌رام بوایه لیژنه‌ی "فه‌توا" هه‌یه له‌كوردستان حه‌رامی ده‌كرد، دوای ئه‌وه وه‌ك وتم بابه‌ته‌كه به‌یاسا ڕێكخراوه".
ئاشكراشیكرد كه "من خۆم قسه‌م له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی فهتواكرد هه‌مان پرسیاری ئێوه‌م لێ‌كرد له‌سه‌ر 49 ملیۆنی خانه‌نشینه‌كه پێم وتن "كاكه بۆ فه‌توایه‌ك ده‌رناكه‌ن" وتیان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی حه‌ڵاڵه ئه‌و پاره‌یه بۆیه فه‌توا ده‌رناكه‌ین ئه‌وه وه‌ڵامی ئه‌وان بوو".
پێشتر هه‌ریه‌كه له سه‌فین دزه‌یی وته‌بێژی فه‌رمی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، هه‌روه‌ها بێگه‌رد تاڵه‌بانی سكرتێری په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان له‌خولی چواره‌م له‌میانه‌ی وتووێژه‌كانیاندا له‌گه‌ڵ به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا رایانگه‌یاندبوو كه " هۆكاری په‌سه‌ند نه‌كردن و گه‌ڕانه‌وه‌ی پڕۆژه چاكسازییه‌كه‌ی حكومه‌ت په‌رله‌مانتاران به‌تایبه‌ت په‌رله‌مانتارانی ئۆپۆزسیۆن بوون".
به‌ڵام حاجی كاروان ڕه‌تیكرده‌وه و وتی: "ئه‌و قسه‌یه‌ی وته‌بێژی سه‌رۆكی حكومه‌ت و سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان زۆر دووره له‌ڕاستیه‌وه، چونكه له‌ڕووی یاساییه‌وه هێنانه‌وه‌ی پڕۆژه یاسا ئه‌ركی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانه كه له پارتی و یه‌كێتی پێكهاتووه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئێـمه (4-3) جار داوای گهڕانهوهیمان كرد، به‌ڵام دیاربوو كێ رێگربوو پارتی و یه‌كێتی (200) هه‌زار بندیواریان هه‌بوو ئه‌گه‌ر پڕۆژه‌كه پهسهندبكرایه له‌زیانی ئه‌وان بوو چونكه له‌هه‌ڵبژاردن ده‌نگیان كه‌می ده‌كرد ئه‌و بندیوارانهیان مووچه‌یان ده‌بڕا".
به‌بڕوای حاجی كاروان خه‌رجكردنی پاره‌ی خانه‌نشینیان له‌لایه‌ن په‌رله‌مانتارانه‌وه زیاتر هه‌ستكردنی ویژدانی په‌رله‌مانتاره به ئازاری خه‌ڵك، وتیشی: "ناتوانین په‌رله‌مانتاری تر ناچار بكه‌ین بڵێین ده‌بێت پاره‌كه وه‌رنه‌گری یا بیبه‌خشیت، چونكه خۆم په‌رله‌مانتار ده‌ناسم كرێچییه، قه‌رزاره، ئۆتۆمبێلی نییه، ماڵ و منداڵیشی هه‌یه ئاخر چۆن ده‌توانرێت ئه‌وه ناچار بكرێت، به‌ڵام بڵێ ناعه‌داله‌تی تێدایه به‌ڵێ ئه‌و موچه زۆره ناعه‌داله‌تی تێدایه".
له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ئه‌گه‌ر شتێك ناعه‌داله‌تی تێدا بێت ئایا له‌ڕوی شه‌ریعه‌تی ئیسلامیه‌وه حه‌رام نابێت؟
حاجی كاروان وتی" نا، به‌ڵام ئه‌و كه‌سه‌ی كه دایناوه كه پارتی و یه‌كێتین گوناهبارن، من خۆم چه‌ند جار داوام كرد كه‌مبكرێته‌وه هه‌تا لیژنه‌یه‌ك پێكهاتبوو كاك عیزه‌ت سابیری سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی تێدابوو كاتێك وتم با موچه‌ی په‌رله‌مانتار كه‌مبێته‌وه بۆ له سه‌دا 50، ئه‌وكات خانهنشینیهكهش ئۆتۆماتیكی ده‌بووه له سه‌دا 50، به‌ڵام لیژنه‌كه بهمن پێكه‌نین و وتیان شتی وانابێت، كاك عیزه‌ت پێی وتم " كاكه تۆ ده‌ته‌وێت رزقمان ببڕی!) ئێمه هه‌وڵی خۆمان دا به‌ڵام ئه‌وان نه‌یانكرد".
حاجی كاروان باسی له‌وه‌شكرد له‌هه‌موو دنیادا موچه و ئیمتیازاتی پله‌باڵاكان جیاوازه به‌تایبه‌ت په‌رله‌مانتار ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی چاو له‌ژێری حكومه‌ت نه‌بێت، حاجی كاروان نمونه‌ی به به پزیشك و كرێكارێك هێنایه‌وه و وتی: "بۆ نمونه دكتۆرێك كه نه‌خۆشێك ده‌بینێ بۆ پشكنین له‌ماوه‌ی پێنج خوله‌كدا 25 هه‌زار دینار وه‌رده‌گرێت، به‌ڵام كرێكارێك كه هه‌شت سه‌عات كارده‌كات بلۆك سه‌رده‌خات 20 هه‌زار وه‌رده‌گرێت، ده‌توانی بڵێی ئه‌مه له‌ڕوی ویژدانیه‌وه نا دادپه‌روه‌ری تێدایه به‌ڵام له‌ڕووی وه‌زیفیه‌وه نادادپه‌روه‌ری نییه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا من ناحه‌قی خه‌ڵك ناگرم قسه به پله باڵاكان ده‌ڵێت له‌سه‌ر موچه‌كانیان ، به‌ڵام بۆ به‌ته‌نها ئه‌م قسانه بۆ په‌رله‌مانتاران بێت؟!"
حاجی كاروان له‌قسه‌كانیدا دووباره پارتی و یه‌كێتی تۆمه‌تباركرد به‌وه‌ی له‌پشت ناڕه‌زایی خه‌ڵكن سه‌باره‌ت به‌وه‌ی دژی پێدانی بڕه پاره‌ی موچه‌ی خانه‌نشینی په‌رله‌مان وه‌ستاونه‌ته‌وه و رایگه‌یاند كه "ئه‌و دوو حیزبه له‌پشت ئه‌و ناڕه‌زایی و گه‌وره‌كردنی ئه‌م بابه‌ته‌ن ، بۆ نمونه سه‌یری ڕاپۆرتی ته‌له‌فزیۆنی حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار بكه ده‌ڵێت، خه‌ڵكی دهۆك هه‌مووی ناڕازیه له‌موچه‌ی خانه‌نشینی په‌رله‌مانتاران" ئێ باشه كه‌ی خه‌ڵكی دهۆك هه‌مووی ناڕازییه؟ بۆیه ئه‌م دوو حیزبه به‌به‌رنامه ده‌یانه‌وێت شكوی په‌رله‌مان نه‌هێڵن و په‌رله‌مان بێ ده‌سه‌ڵات بكه‌ن من بۆ خۆم دوجار به‌فه‌رمی هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتنم لێكراوه له‌ناو په‌رله‌ماندا كه ئه‌گه‌ر بچمه دانیشتنه‌كانی هه‌مواری یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ئه‌گه‌ر خوێنم رژا خۆم به‌رپرسم".
AM:10:43:09/11/2018
ئه‌م بابه‌ته 4172
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت