به‌ڕێوه‌به‌ری به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخان: ئێران بەنیازە رێڕه‌وی روباری سیروان بگۆڕێت

‌بەنداوی دەربەندیخان

وێستگه‌ نیوزـ

بەوتەی‌ بەرپرسانی‌ سەرچاوە ئاویـیەکانی‌ هەرێمی کوردستان، زۆربەی‌ ئەو پرۆژانەی‌ ئێران لەسەر سەرچاوە ئاویـیەکان دروستیکردون، تەواوبون و بە دروستکردنی تونێلێکیش تاران بەنیازە رێڕەوی روباری سیروان بگۆڕێت.

رەحمان خانی‌، بەڕێوەبەری‌ بەنداوی‌ دەربەندیخان، بە دەنگی‌ ئەمریکای‌ راگەیاند" زۆربەی‌ ئه‌و پڕۆژانه‌ی کە ئێران لەسەر سەرچاوە ئاوییەکانی‌ عیراق و هەرێم دروستیکردون، تەواوبوون"، ناوی‌ ئەو بەنداوانەی‌ ئاشکرا کرد کە ئێران لەسەر سەرچاوەی‌ روباری‌ سیروان دروستیکردون و ژمارەیان 12 بەنداوە كه‌ ئه‌مانه‌ ناوی هه‌ندێكیانن"بەنداوی‌ پڵنگان، بەنداوی‌ ئازاد، گاوشاد، ئەنگاران، قشڵاخ، ژاوە، داریان، سڵێمان پاشا وهیروی‌، ئەو بەنداوانەن ئێران دروستیکردون."

بەوتەی‌ بەڕێوەبەری‌ بەنداوی‌ دەربەندیخان، ئێران ئێستا سەرقاڵی‌ دروستکردنی‌ تونێلێکی‌ گەورەیە و بەتەواوکردنی‌ ئەو تونێلە رێڕەوی‌ روباری‌ سیروان دەگۆڕێت و ئاشكرایكرد" ئه‌و تونێله‌ رێڕەوی‌ ئاوی‌ سیروان دەگۆڕێت بۆ ناوچەی‌ زەهاو."

سەبارەت بە زیانەکانی‌ گۆڕینی‌ رێڕەوی‌ روباری‌ سیروان، رەحمان خانی‌ وتی‌"ناوچەی‌ گەرمیان کەمتر زەرەرمەند دەبێت، بەڵام پارێزگاری‌ دیالە زەرەرمەندی‌ سەرەکی‌ دەبێت و جگە لە بێ ئاو بوونی‌، بە هەزاران دۆنم زەویی‌ کشتوکاڵیش زیانیان پێ دەگات."

بەپێی‌ یاسا نێودەوڵەتیەکان، ئەو روبارانەی‌ کە سەرچاوەکانیان لە نێوان وڵاتاندا هاوبەشە، هیچ وڵاتێک مافی‌ وشککردنی‌ سەرچاوەکەی‌ و بە تەنیا بەکارهێنانی‌ نییە، بەڵام تائێستا ئێران بەو یاسایانەوە پابەند نەبووە.

رۆژی‌ چوارشەمە، میدیاکانی‌ ئێران بڵاویانکردەوە، عەلی‌ خامەنەئی‌، ئەنجومەنی‌ باڵای‌ شۆڕشی ئیسلامی‌ ئێران، فەرمانی‌ کردووە بە گرتنەوەی‌ ئەو ئاوانەی‌ کە دەرژێنە نێو خاکی‌ عێراقەوە.


PM:08:34:11/10/2018


ئه‌م بابه‌ته 3992 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو