په‌رله‌مانتارێكی پێشووی گۆڕان خۆی بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار كاندید ده‌كات

‌سه‌ردار عه‌بدوڵا

وێستگه‌ نیوزـ

په‌رله‌مانتارێكی پێشووی گۆڕان كه‌ ئێستا وه‌ك سیاسه‌تمه‌دار و چاودێری سیاسی كار ده‌كات، به‌ میدیاكانی نزیك له‌ پارتی دیموكراتی كوردستانی راگه‌یاند كه‌ خۆی بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆماری عیراق كاندید ده‌كات.

سه‌ردار عه‌بدوڵا، په‌رله‌مانتاری پێشووی گۆڕان له‌میانی‌ به‌شداریكردنی‌ له‌ گه‌شتی‌ هه‌واڵه‌كانی‌ كوردستان24 رایگه‌یاند، "خۆم بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار عیراق كاندید ده‌كه‌م و داوا له‌ هێزه‌ سیاسییه‌ كوردییه‌كان ده‌كه‌م پشتیوانیم بكه‌ن بۆ سه‌ركه‌وتنم و وه‌رگرتنی‌ ئه‌و پۆسته‌ و به‌نیازیشم به‌ڵگه‌ی یاسایی خۆم بۆ خۆ كاندیدكردن بۆ ئه‌و پۆسته‌ پێشكه‌ش بكه‌م".

وتیشی‌: كورد له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌وڵه‌ته‌ و دامه‌زراوه‌كانی‌ ده‌وڵه‌تی‌ هه‌یه‌، ماوه‌ته‌وه‌ دانی‌ پێدا بنرێت.

سه‌باره‌ت به‌ سه‌رۆك كۆماریش وتی‌: پۆستی‌ سه‌رۆك كۆمار ته‌شریفاتی‌ نییه‌ و پۆستێكی‌ كاریگه‌ره‌ و سه‌رۆك كۆمار به‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی‌ ئێستا له‌ ده‌ستوور هه‌یه‌تی‌ ده‌توانێت رێگه‌ له‌ تاكڕه‌وی‌ سه‌رۆك وه‌زیران بگرێت و پێشێلكردنی‌ مافی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان رابگرێت و سنوورێك بۆ ئه‌نجوومه‌نی‌ وه‌زیران دابنێت.

سه‌ردار عه‌بدوڵا راشیگه‌یاند: "داوا له‌ هێزه‌ كوردییه‌كان ده‌كه‌م، كه‌ زۆربوونی‌ كاندیده‌كان خه‌ریكه‌ ده‌بێته‌ كێشه‌یه‌كی‌ گه‌وره،  ده‌مه‌وێت تایبه‌ت به‌ كوردستان24 بڵێم، كه‌ من خۆم كاندید ده‌كه‌م بۆ پۆستی‌ سه‌رۆك كۆماری‌ عیراق و داوا له‌ كاندیده‌كانی‌ دیكه‌ش ده‌كه‌م، پشتگیریم بكه‌ن."

ده‌شڵێت: كورد ده‌بێت كاندیدی زۆر به‌هێزی هه‌بێت كه‌ كۆده‌نگیی هێزه‌ كوردستانییه‌كانی له‌سه‌ر بێت و له‌ كاره‌كه‌ی خۆی باش بزانێت و ده‌بێت بێ منه‌ت بێت به‌ پۆسته‌كه‌ی، داواشی له‌ خه‌ڵكی كوردستان و مه‌سعود بارزانی و سه‌ركرده‌ی سه‌رجه‌م حزبه‌كان كرد پشتیوانیی بكه‌ن و به‌ڵێنیشی دا كه‌ له‌ رێگه‌ی ئه‌و پۆسته‌وه‌، رێگری له‌ تاكڕه‌ویی سه‌رۆك وه‌زیران.

سه‌ردار عه‌بدوڵا له‌ خولی پێشووتری په‌رله‌مانی عیراق (خولی دووه‌م) په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بوو، ماوه‌یه‌كیش پۆستی سه‌رۆكایه‌تیی فراكسیۆنه‌كه‌ی به‌ڕێوه‌برد و دوای تەواوبونی ئه‌و خوله‌ی پەرلەمان، وازی له‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان هێناو ئێستا وه‌ك چاودێرێكی سیاسی كار ده‌كات.


PM:09:46:17/09/2018


ئه‌م بابه‌ته 8816 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو