له 12ی ئایاری 2018 پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق بەڕێوەچوو، ئەوەش یەکەمجار بوو پرۆسەکە بەشێوازی ئەلیکترۆنی و بە بەکارهێنانی سندوقی زیرەک بەڕێوەبچێت.
دواتر لە بەرەبەیانی رۆژی شەممە 19ی ئایاری 2018، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی عیراقی راگەیاند، بەڵام زۆرێک لە لایەنە بەشداربووەکان تانەیان لە ئەنجامەکان دا و رەتیانکردنەوە و هەندێکیش رایانگەیاند کە ساختەکاری لە هەڵبژاردندا کراوە.
لە دوایین پێشهاتیشدا کۆگای هەڵگرتنی سندوقەکانی دەنگدان لە ناوچەی رەسافە لە بەغدای پایتەخت سوتا و زۆرێک لە دەنگەکان فەوتان، پەرلەمانی ئێستای عیراقیش ثێش روداوەکە و دواتریش داوای هەژمارکردنەوەی دەنگەکانی بەشێوەی دەستی کرد و بڕیارێکی بۆ دەرکرد، دادگای فیدراڵیی عیراقیش بڕیارەکەی پەرلەمانی بە دەستوری وەسفکرد.
بەپێی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، ریزبەندی و ژمارەی کورسییەکانی لیستە گەورەکان لە عیراق بەمشێوەیە: هاوپەیمانێتیی سائیرون بە سەرۆکایەتیی موقتەدا سەدر 54 کورسی، هاوپەیمانێتیی فەتح بە سەرۆکایەتیی هادی عامری 47 کورسی، هاوپەیمانێتیی نەسر بە سەرۆکایەتیی حەیدەر عەبادی 42 کورسی.
هاوپەیمانێتیی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی 26 کورسی، هاوپەیمانێتیی وەتەنییە بە سەرۆکایەتیی ئەیاد عەللاوی 21 کورسی، رەوتی حیکمە بە سەرۆکایەتیی عەممار حەکیم 19 کورسی، هاوپەیمانێتی قەرار بە سەرۆکایەتیی ئوسامە نوجێفی 15 کورسی.
له ههرێمی كوردستانیش پارتی دیموکراتی کوردستان 25 کورسی، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 18 کورسی، بزوتنەوەی گۆڕان 5 کورسی، نەوەی نوێ 4 کورسی، ههریهك له هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەی، یەکگرتوی ئیسلامیی کوردستان و کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان 2 کورسی.