لاهور شێخ جه‌نگی: با پەیامی رۆژنامەگەرانی كورد تەبایی و یەكترقبوڵكردن بێت


وێستگه‌ نیوزـ

له‌ یادی 120 ساڵەی رۆژنامەگەری كوردیدا به‌رپرسی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/زانیاری پیرۆزبایی لە رۆژنامەنوسان و رۆشنبیران و به‌پێویستی زانی له‌ویاده‌دا كه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق پەیامی رۆژنامەگەرانی كورد تەبایی ناو ماڵی كورد و یەكترقبوڵكردن و ئارامكردنەوەی دەروونی كۆمەڵانی خەڵك بێت.

لاهور شێخ جه‌نگی بۆ ئه‌و یاده‌ له‌ لاپه‌ڕه‌ی تایبه‌تیی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی فه‌یسبوك نوسیویه‌تی: "یەكەم رۆژنامەی كوردی بەناوی كوردستان لەلایەن میقداد مەدحەت بەدرخان و عەبدولرەحمان بەدرخانی برایەوە، لە قاهیرەی پایتەختی میسر و لە چاپخانەی دارولهیلال لە رۆژی 22ی نیسانی 1898 زاینی چاپ كرا".

‎ده‌شڵێت: "ئەم رۆژە یەكێكە لە رۆژە پرشنگدارەكانی مێژووی كورد و زمان و ئەدەبیاتی كورد. كە تیایدا كورد بۆ یەكەمین جار بە زمانی دایكی خۆی گوزارشتی لە بوونی خۆی كرد. ئاشكرایە نەتەوەی كورد لە مێژووی دوور و نزیكیدا رووبەرووی چەندین كارەسات و كۆمەڵكوژی بۆتەوە، بەڵام یەكێك لە گرنگترین پایەكانی مانەوەی ئەم نەتەوەیە زمانەكەی بووە.. زمان جگە لە دەربڕین بریتیە لە بیركردنەوە و گوزارشتكردن لە بوون".

به‌رپرسی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/زانیاری له‌به‌شێكی دیكه‌ی په‌یامه‌كه‌یدا ده‌ڵێت: "لەو رۆژەوە تا بەئێستا دەگات رۆژنامەگەری كوردی بەچەندین هەوراز و نشێودا تێپەڕبووە و چاپەمەنی كوردی و رۆژنامەگەریەكەمان لە ئێستادا لە لوتكەی گەشەكردنی خۆیدایە.. خۆشبەختانە جگە لە میدیای خوێندراوە ئێستا چەندین میدیای بیستراو و بینراو و وێب و پۆرتاڵی كوردی بوونیان هەیە و لە سەرتاسەری جیهاندا روو لە گەشەكردنن."

ده‌شڵێت: "پێم خۆشە لەم رۆژە مێژووییەدا و لەم چركەساتەدا كە گەلی ئێمە لە باشوری كوردستان خۆی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئامادە دەكات پەیامی رۆژنامەگەرانی كورد تەبایی ناو ماڵی كورد و یەكترقبوڵكردن و ئارامكردنەوەی دەروونی كۆمەڵانی خەڵك بن و خۆیان لە تەشهیر و زمانی توندوتیژی بەدوور بگرن.. مێژووی ئێمە پڕیەتی لە نمونەی جوانی تێكۆشان و پێكەوەژیان دەبێت راگەیاندنی كوردی لەم كاتەدا كە گەلەكۆمەكی ئیقلیمی و ناوەكیش لەسەر هەرێمەكەمان هەیە هۆشمەندانە و ژیرانە ناو ماڵی خۆمان یەكبەخەین و پێكەوە كار بۆ ئەوە بكەین تیمێكی بەهێزی كورد بنێرین بۆ بەغداد تا جارێكی تر بتوانین پێگەی سیاسی و یاسایی هەرێمەكەمان بەرز بكەینەوە."

‎له‌ كۆتاییشدا ده‌ڵێت:"لێرەوە جارێكی تر دوای پیرۆزبایی لەسەرجەم رۆژنامەنوسانی كورد دەنگم دەخەمە پاڵ دەنگی رۆژنامەنوسان بۆ بەدەستهێنانی ئازادی رادەربڕین و فەراهەمكردنی كەشێكی تەندروست و لەبار بۆ میدیای كوردی و هەوڵدان بۆ گەشەپێكردنی میدیایەكی نیشتمانی خاوەن هەڵوێستی كوردانە و پرۆفێشناڵ."


PM:05:40:22/04/2018


ئه‌م بابه‌ته 1980 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو