سه‌رۆكی فه‌ڕه‌نسا هه‌ڕه‌شه‌ی لێدانی سوریا ده‌كات

‌ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا

وێستگه‌ نیوز ـ
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا رایگەیاند، ئەگەر بەڵگەی یەکلاکەرەوە هەبێت، لەسەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن رژێمی سوریاوە، هێرشی سەربازی لە سوریا ئەنجامدەدەن.


ئیمانوێل ماکرۆن، لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان وتی، "لەو ناوچە دەدەن کە هێرشی کیمیایی لێوەی ئەنجامدراوە، یاخود ئەو شوێنەی پلانی بۆ داڕێژراوە".

وێڕای ئەو هەڕەشەیەش، ماکرۆن دانی بەوەدا نا، دەزگای هەواڵگری فەڕەنسا تائێستا بەڵگەی یەکلاکەرەوەی لەسەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن سوریاوە دەست نەکەوتووە.

هەروەها تەئکیدی لەوە کردەوە، بەکارهێنانی چەکی کیمیایی هێڵی سورە و فەڕەنسا قبوڵی ناکات، لەگەری بەکارهێنانی هەر چەکێکی کیمیاییش، فەڕەنسا وەڵامی دەبێت.

پێشتر و لە دوای بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە ساڵی 2013 لە ناوچەیەکی نزیک دیمەشقی پایتەخت، ئەمریکا و روسیا لەسەر لەناوبردنی چەکی کیمیایی لە سوریا لە ماوەی ساڵێکدا رێکكەوتن، بەڵام رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی تەئکیدی لەوە کردووەتەوە، مادەی ژەهراوی و قەدەغەکراو لە هێرشەکانی سوریا بەکاردێت.

لە درێژەی ئەو هێرشە کیمیاییانەشدا، لە مانگی نیسانی 2017 لە هێرشەکانی بۆ سەر ناوچەی خان شەیخون، سوریا گازی ژەهراوی بەکارهێنا و بەهۆیەوە سەدان کەس بەرکەوتن.

هــ. ر


AM:08:46:14/02/2018


ئه‌م بابه‌ته 2068 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو