بانكی ناوه‌ندی عیراق چاره‌نووسی 250 ملیار دیناره‌كه‌ی یه‌كلایی كرده‌وه‌

‌بانكی ناوەندی عیراق

وێستگه‌ نیوز ـ
بانكی ناوەندی عیراق ئەوە ئاشكرا دەكات ئەو 250 ملیار دینارەی نێردراوە بۆ هەولێر بۆ مووچەی فەرمانبەران نیە.


ئەیسەر جەبار، وتەبێژی بانكی ناوەندی عیراق  به‌ هه‌فته‌نامه‌ی باسی نزیك له‌ پارتی راگه‌یاند: بە دیاریكراوی ئەو 250 ملیار دینارەی نێردراوە بۆ لقی هەولێر بانكی ناوەندی بۆ كاروباری دارایی و بانكەكەیە و بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان نیە.

پێشووتر  وەزارەتی دارایی  هەرێمی كوردسنتان ئاشكرای كردبوو بڕی 250 ملیار دینار لە بانكی ناوەندی بەغدا نێردراوە بۆ لقی بانكی ناوەندی لە هەولێر، ئەم بانكە  پەیوەندی بە وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمەوە نییە و كارەكانیان لە ژێر بڕیاری بانكی  ناوەندی دایە.

وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم ئاشكرای كرد هیچ بڕە پارەیەكی  لە بەغداوە پێنەگەیشتوە بۆ دابەشكردنی مووچە، بەڵكو لیژنەكانی  پێكهاتوو لە نێوان بەغدا و هەولێر بەردەوامن لە وردبینی لەسەرجەم وەزارەتەكان جگە لە هەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ.

بەرپرسەكەی بانكی ناوەندی عیراق دووپاتی كردەوە ئەو پارەیە بۆ هەندێك لە كاروبارەكانی بەرێوەبردنی لقی هەولێری بانكەكەیانە، وتیشی: "پارەكە بۆ كاروبارە داراییەكانی ئەو بانكەیە كە سەر بە بانكی ناوەندیە و ئێمە هیچ پەیوەندیەكمان بە دابەشكردنی مووچەوە نیە".

ئەو زانیاریانەی بانكی ناوەندی لە كاتێكدا كە لە كۆبونەوەی ئەم دواییەی لەگەڵ كوتلە كوردستانیەكان حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عیراق رای گەیاندبوو، ئەو پارەی ناردویانە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانه‌.

ئەیسەر جەبار روونیشی كردەوە، لقی هەولێری بانكی ناوەندی عیراق وەك لقی بانكی پارێزگاكانی تر پێویستی بە پارە هەیە، وتیشی: "پارەكە بۆ بەهێزكردنی كارەكانی بانكەكەمانە لە هەولێر چونكە هەموو لقێك پێویستی بە پارە هەیە بۆ پێدانی پارە بە كۆمپانیا و  بانكەكان و تەحویكردنی پارە بۆ شوێنە دیاریكراوەكان".

ئەو بەرپرسەی بانكی ناوەندی عێراق ئاماژەی بەوەشدا لە داهاتوویەكی نزیكدا چەنین پڕۆژە و كاریان دەبێت لە هەرێمی كوردستان و هەوڵ دەدەن خەڵك و فەرمانبەران و سەرمایەداران لە پڕۆژەكانیان سودمەند بن.

هــ. ر


AM:10:48:13/02/2018


ئه‌م بابه‌ته 25036 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو