عه‌بادی سبه‌ینێی كرده‌ پشوو


وێستگه‌ نیوزـ

سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق رزگاركردنه‌وه‌ی ته‌واوی خاكی عیراقی له‌ده‌ست چه‌كدارانی داعش راگه‌یاند و ئه‌و بۆنه‌یه‌ی ناونا "سه‌ركه‌وتنی مه‌زن" و به‌هۆیه‌وه‌ سبه‌ینێ یه‌كشه‌ممه‌ 10ی كانونی یه‌كه‌می 2017 له‌ داموده‌زگاكانی حكومه‌ت كرده‌ پشوو.

ئه‌مینداریه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراق له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند كه‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق سبه‌ینێ یه‌كشه‌ممه‌ی به‌بۆنه‌ی "سه‌ركه‌وتنی مه‌زن" به‌سه‌ر رێكخراوی داعشدا كردووه‌ته‌ پشوی فه‌رمی له‌ سه‌رتاسه‌ری عیراقدا.

هاوكات له‌گه‌ڵ راگه‌یاندنی ئه‌و پشووه‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراقه‌وه‌، تائێستا حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هیچ راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاونه‌كردوه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان پشووه‌ یان نا.

حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق له‌ لاپه‌ڕه‌ی تایبه‌تیی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی فه‌یسبوك سه‌ركه‌وتنی ته‌واوی به‌سه‌ر رێكخراوی داعش لە خاکی عیراقدا راگه‌یاند و وتی: "یه‌كڕیزی ئه‌و چه‌كه‌بوو كه‌ پێی سه‌ركه‌وتین، پێویستیشه‌ پارێزگاری له‌و یه‌كڕیزییه‌ بكه‌ین به‌ هه‌موو توانامانه‌وه‌.. عیراق ئه‌مڕۆ بۆ هه‌موو عیراقییه‌كانه‌ و سامانه‌كه‌شی هی هه‌موانه‌ هه‌ر له‌ باشوریه‌وه‌ تا باكوری و خۆرهه‌ڵاتی و خۆرئاوای.. پێویسته‌ هه‌مووان به‌ری سه‌ركه‌وتن به‌ ئارامی و سه‌قامگیری و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و پێشكه‌وتن بچننه‌وه‌."

سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق رایگه‌یاندووه‌: خۆشیی سه‌ركه‌وتن به‌وه‌ ته‌واو بوو كه‌ یه‌كپارچه‌یی خاكی عیراقمان پاراست كه‌ له‌ لێواری دابه‌شبوندا بوو، بۆیه‌ یه‌كپارچه‌یی عیراق و گه‌له‌كه‌ی مه‌زنترین ده‌ستكه‌وته‌، عیراق به‌ سه‌ركه‌وتن و یه‌كگرتوویی له‌م جه‌نگه‌ ده‌رچوو.

عه‌بادی راشیگه‌یاندووه‌ كه‌ به‌ گه‌لی عیراق و هه‌موو جیهانی راده‌گه‌یه‌نین هێزه‌كانمان گه‌یشتونه‌ته‌ دوا مۆڵگه‌ی داعش و پاكیان كردوه‌ته‌وه‌ و ئاڵای عیراقیان له‌ ناوچه‌كانی خۆرئاوای ئه‌نبار هه‌ڵكردووه‌، ئێستا ئاڵای عیراق له‌ دورترین خاڵی سنوری ده‌شه‌كێته‌وه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌ كه‌ ئامانجی داهاتوویان به‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی شاره‌ رزگاركراوه‌كان كۆتایی نایه‌ت، به‌ڵكو سه‌رجه‌م ئه‌و شارانه‌ش ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ سه‌ربازی بۆ به‌رگری له‌ خاكی وڵات كردوه‌ته‌وه‌ قوربانی.

ر.ع


PM:07:15:09/12/2017


ئه‌م بابه‌ته 12400 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو