سەرۆکی زیمبابۆی وازی لە پۆستەکەی هێنا
رۆبەری مۆگابی
وێستگه نیوزـ
لە نامەیەکدا بۆ پەرلەمانی وڵاته‌كه‌ی، رۆبه‌رت مۆگابی سه‌رۆكی زیمبابۆی وازهێنانی له پۆسته‌كه‌ی راگه‌یاند.
جاکوب مودێندا، سەرۆکی پەرلەمانی زیمبابۆی رایگەیاند، رۆبه‌رت مۆگابی تەمەن 93 ساڵ لە نامەیەکدا بۆ پەرلەمانی وڵاته‌كه‌ی وازهێنانی لە پۆستەکەی راگەیاندووە، نامه‌كه‌ش هاوكات بوو له‌گه‌ڵ ئه‌و كۆبونه‌وه‌یه‌ی كه ئەمڕۆ سێشه‌ممه 21ی تشرینی دووه‌می 2017ی پەرلەمانی زیمبابۆی بۆ لەکارلادانی مۆگابی.
به‌گوێره‌ی هه‌واڵێكی ئاژانسی رۆیته‌رز، مۆگابی لە نامەکەیدا رایگەیاندووە، له‌پێناو ئاڵوگۆڕی ئاشتییانەی دەسەڵات بە ویستی خۆی واز لە پۆستەکەی دەهێنێت.
چەند رۆژی رابردوو، پارتی زان‌و- پی ئێفی زیمبابۆی، لە کۆبوونەوەیەکیدا لە هیراری پایتەخت، بڕیاریدا رۆبه‌رت مۆگابی، سەرۆکی پارتەکەی لە پۆستەکەی دوربخاتەوە و کەسێکی دیکە بۆ ئەو پۆستە دەستنیشان بکات.
هەفتەی رابردوو سوپای زیمبابۆی کودەتایەکی سەربازی ئەنجامدا و مۆگابی لە ماڵەکەیدا دەستبەسەرکرد و دەستەڵاتی بەسەر سەرجەم دامەزراوە حکومییەکان راگەیاند.
مۆگابی له 21ی شوباتی 1924 له ناوچه‌ی كاتوما كه ناوچه‌یه‌كی تایبه‌ت به چالاكیی مه‌سحییه‌كان له خۆرئاوای هیراری پایته‌خت له‌دایكبووه و باوكی دارتاش بووه و خه‌ڵكی نیاسالاند بووه كه ئێستا وڵاتی مالاوییه، دایكیشی به‌ناوی بۆنا سه‌ربه گروپی شۆنا-ی دیاری ئه‌و وڵاته بووه.
مۆگابی به 37 ساڵ حوكمڕانی، یه‌كێكه له دیارترین و به‌ته‌مه‌نترین سه‌ركرده‌ی ئه‌فریقا كه له‌ساڵی 1980ه‌وه ده‌ستی به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا گرتووه.
سه‌ركرده ده‌ستله‌كاركێشاوه‌كه‌ی زیمبابۆی سه‌ره‌تای ژیانی به پیشه‌ی مامۆستایی ده‌ستپێكردووه و دواتر له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئیان سمیس-ی سه‌رۆكی ئه‌وكاته‌ی وڵاته‌كه‌ی 11 ساڵ له زینداندا وه‌ك زیندانییه‌كی سیاسی به‌ندكراوه، پاشان له كاری سیاسی‌دا پێشكه‌وتووه تا بووه به سه‌رۆكی بزوتنه‌وه‌ی یه‌كێتی نیشتمانی ئه‌فریقا له زیمبابۆی.
مۆگابی یه‌كێك بووه له دانوستانكاره سه‌ره‌كییه‌كانی رێككه‌وتنی لانكسته‌ر هاوس له ساڵی 1979 كه دواتر دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی زیمبابۆی دیموكراتی لێكه‌وته‌وه، به‌وهۆیه‌شه‌وه وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیران هه‌ڵبژێردرا و دواتر بووه سه‌رۆكی ده‌وڵه‌ت، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای پشتیوانیكردن له ئاشتبونه‌وه له‌گه‌ڵ كه‌مینه‌ی سپی پێستی وڵاته‌كه، كه‌چی به سیاسه‌ت و زه‌بری هێز ركابه‌ره‌كانی سه‌ركوتكرد.
له ساڵی 2000ه‌وه مۆگابی هانی ئه‌وه‌یداوه ده‌ست به‌سه‌ر كێڵگه كشتوكاڵییه بازرگانییه‌كانی سپی پێسته‌كاندا بگیرێت، ئه‌وه‌ش وایكرد ئابوریی ئه‌و وڵاته بڕوخێت و هه‌ڵئاوسانێكی زۆر له‌و وڵاته دروست ببێت.
دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی ساڵی 2009، مۆگابی هه‌رچۆنێك بوو رازی بوو به‌وه‌ی هه‌ندێك له ده‌سه‌ڵاته‌كان له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانی دیموكراتی دابه‌ش بكات كه به سه‌رسه‌ختیی كابه‌ریی ده‌كرد.
ر.ع
PM:08:39:21/11/2017
ئه‌م بابه‌ته 2456
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت