عەبادی: ریفراندۆم بوو بە بەشێک لە رابردوو

‌حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عیراق

وێستگە نیوز- 

سەرۆک وەزیرانی عیراق پەیامێکی دیکەی دەربارەی رووداوەکانی کەرکوک و دەوروبەری بڵاوکردەوەو رایگەیاند: "ریفراندۆم بوو بە بەشێک لە رابردوو."

حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عیراق لە کۆنفرانسی رۆژنامەوانیی هەفتانەی خۆیدا رایگەیاند: ئەوان لەسەر بنەمای دەستور داوای دیالۆگ دەکەن و پێشتریش به‌ سه‌ركرده‌كانی كوردم وت ریفراندۆم یه‌كه‌مجار زیان له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی هاوڵاتیانی كورد ده‌دات".

سەرۆک وەزیرانی عیراق راشیگەیاند: "ئێستا ریفراندۆمەکەی هەرێم کۆتایی هاتووەو بووە بە بەشێک  لە رابردوو."

وتیشی: بەهیچ شێوەیەک ناچنە شەڕی ناوخۆوەو سنورەکانیان بە ئاشتی دیاری دەکەن بە پێچەوانەی ئەوانەی دەڵێن بە خوێن دیاری دەکرێت.

عەبادی هۆشدارییدا لە هەر کارێکی تێکدەرانە لە شاری کەرکوک و رایگەیاند ، ئاڵای عیراق بۆ هەموو عیراقییەکانە و ره‌تیشیكرده‌وه‌ كه‌ هیچ رێككه‌وتنێك له‌ئارادا بێت بۆ پێكهێنانی سێ هه‌رێم له‌ كوردستاندا.

رۆژی دوشه‌ممه‌ 16ی تشرینی یەکەمی 2017، هێزە عیراقییەکان شاری کەرکوکیان کۆنترۆڵکرد، دواتر ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی رایگەیاند، چونی هێزە ئەمنییەکان بۆ ئەو ناوچانە بە رێککەوتن بووە.

بەرەبەیانی دووشەممە، حەیدەر عەبادی سەرۆک، وەزیرانی عیراق هێزە ئەمنییەکانی راسپارد بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی خۆیان لە پارێزگای کەرکوک، راشیگەیاند، سورن لەسەر پاراستنی‌ سەلامەتی‌ خەڵکی کەرکوک و گەڕاندنەوەی‌ ئاسایش بۆ ئەو شارە، وتیشی "داوا لە پێشمەرگە دەکەین ئەرکەکانی‌ لەژێر فەرمانی‌ حکومەتی‌ ناوەندیدا جێبەجێبکات".

لە بەردەوامیی‌ جموجوڵی‌ هێزە عیراقییەکاندا، رۆژی دووشەممە ئەو هێزانە بەرەو کەرکوک پێشڕەوییان کرد و ناحیەی‌ تازە و بەشێک لە دوزخومارتو وبنکەی‌ سەربازیی‌ کەیوان و چەند شوێنێکی‌ باشوری‌ شاری‌ کەرکوکیان کۆنتڕۆڵکرد و 24 پێشمەرگە شەهیدبوون و 70ی دیكه‌ش برینداربوون.

بەهۆی هێرشی چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبی بۆ سه‌ر ناوچه‌ دابڕاوه‌كان و کەرکوک له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌ك هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ پاشه‌كشه‌یان كرد، ئێواره‌ی‌ هه‌مان رۆژ هێزه‌كانی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ گه‌یشتنه‌ شاری‌ كه‌ركوك و بینای‌ پارێزگایان كۆنتڕۆڵكرد و ئاڵای‌ كوردستانیان داگرت و ئاڵای عیراقیان لە دیوانی پارێزگادا هەڵکرد.

ر.ع


PM:07:15:17/10/2017


ئه‌م بابه‌ته 28984 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو