فەرماندەیی گشتیی هەسەدە: 80٪ی ڕەقە رزگار کراوە

‌داعش لە دوا هەناسەكانی تەمەنیایەتی

وێستگە نیوز-

فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات- هەسەدە، ڕایگەیاند، کە لە پێنج ڕۆژی ڕابردوودا ناوەندی فرقەی 17، گەڕەکی تشرین، و ڕەوزەیان لە باکوری ڕەقە لە چنگی داعش ڕزگارکردووەو ئێستا 80٪ی شارەکە لە دەستی داعش ڕزگارکراوە.
 
ئەمڕۆ فەرماندەیی گشتیی هەسەدە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو ئاماری شەڕەکانی پێنج ڕۆژی ڕابردووی ڕەقەی تێدا ئاشکراکرد.
 
فەرماندەیی گشتیی هەسەدە ڕایگەیاند: لە پێنج ڕۆژی ڕابردوودا هێزەکانمان هەموو پێگەکانی چەتەکانیان لە باکوری ڕەقە کردە ئامانج، یەکەم جار بوو کە لەو بەرەیەوە چالاکییەک ئەنجامدەدرا، پێدەچوو کە داعش لەوبەرەیەدا خۆڕاگری زیاتر بکەن، چونکە لەوێ کۆگای گەنم و ئاش و ناوەندی گشتیی دیکەی لێیە، هەروەها بارەگای فرقەی 17ش لەوبەرەیەیە.

ڕاشگەیەندراوە: هێزەکانمان لەبەرەی کارگەی شەکر چەتەکانیان تێکشکاندو کۆگای گەنم و بارەگای فرقەی 17یان لە چنگی داعش ڕزگارکرد، لەلایەکی دیکەوە شەڕڤانان گەڕەکەکانی تشرین، ڕمێلان و ڕەوزەیان بەتەواوی لە چنگی داعش ڕزگارکردو ناوچەکانی دەوروبەری ئاش-یشیان لە داعش پاککردەوە، هێزەکانمان لە ماوەی ئەو پێنج ڕۆژەدا سەدان هاوڵاتیان ڕزگارکردو گواستیاننەوە بۆ شوێنە پارێزراوەکان لە شەڕ.

لەبەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوی هەسەدا ئاشکراکراوە: هێزەکانمان تا ئێستا 80٪ی شارەکەیان لە چنگی داعش ڕزگارکردووە.
 
لەکۆتاییدا هەسەدە ڕایگەیاندووە: هەوڵدەدەین بە کەمترین زیانەوە ئۆپەراسیۆنی تووڕەیی فورات بەرەو کۆتایی ببەین، لە ئەنجامی ئەو ئۆپەراسیۆنەدا گەورەترین ڕێکخستنی تیرۆری سوریا لەناودەچێت.


PM:01:29:20/09/2017


ئه‌م بابه‌ته 1464 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو