غالب محه‌مه‌د: كۆمپانیای كار‌و قه‌یوان به‌نزینیان گران كردووه
هاوڵاتیان قوربانی گەمەی کۆمپانیا حزبییەکانن
وێستگه نیوز ـ هه‌ستیار
سه‌رۆكی لیژنه‌ی پیشه‌سازی و سامانه سروشتییه‌كان له ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی رایده‌گه‌یه‌نێت، به‌هۆی قۆرغكاری دوو كۆمپانیای سه‌ر به یه‌كێتی و پارتییه‌وه كه كۆمپانیای كار‌و قه‌یوانن، نرخی به‌نزینی نۆرماڵ گران كراوه، له باره‌ی كاره‌بای 20 ئه‌مپێریشه‌وه ده‌ڵێت: "ده‌بێت خه‌ڵك داوا له ئه‌نجومه‌نی پارێزگا بكات، نه‌ك ئێمه داوا بكه‌ین".
غالب محه‌مه‌د، سه‌رۆكی لیژنه‌ی پیشه‌سازی و سامانه سروشتییه‌كان له ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی به وێستگه نیوزی راگه‌یاند: تا حكومه‌ت نه‌توانێت كۆنتڕۆڵی كۆمپانیاكانی كار‌و قه‌یوان بكات نرخه‌كان هه‌روا ده‌بن، خه‌ڵكیش كه بێده‌نگی هه‌ڵبژاردووه، ئه‌مه‌ش جۆرێكه له‌وه‌ی كه ئه‌و كۆمپانیایانه به‌رده‌وامبن له قۆرغكاری خۆیان.
غالب محه‌مه‌د وتیشی: "كۆمپانیای قه‌یوان پاڵاوگه‌ی بازیان و كۆمپانیای كار كۆمپانیای كه‌ڵه‌كی به‌ده‌سته‌وه‌یه، ئه‌م دوو كۆمپانیایه هاتوون نرخی به‌نزینی نۆماڵیان له‌سه‌ر خه‌ڵكی به‌رزكردووه‌ته‌وه، خه‌ڵكیش قبووڵی كردووه‌و بێده‌نگه، بۆیه هیچ پێداچوونه‌وه‌یه‌ك ناكرێت".
روونیشیكرده‌وه: "له هیچ وڵاتێك نرخی سووته‌مه‌نی وه‌ك هه‌رێمی كوردستان به‌رزنه‌بووه‌ته‌وه، به‌ڵام لێره چاره‌نووسی پێنج ملیۆن خه‌ڵك دراوه‌ته دوو كۆمپانیا و حكومه‌تیش كارئاسانیان بۆ ده‌كات".
له باره‌ی كاره‌بای 20 ئه‌مپێری كه بۆچی بۆ سه‌نته‌ری شار جێبه‌جێ ناكرێت، غالب محه‌مه‌د وتی: "ئێمه كاتی خۆی له نامه‌یه‌كی چه‌ند خاڵیدا بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كاره‌بای سلێمانی داوای گره‌نتیمان له حكومه‌ت كرد كه به‌شه‌كاره‌بای نیشتمانی هاوڵاتیان زیاد بكات و ئه‌و به‌شه‌ی ئێستا دێت كه‌م نه‌كرێته‌وه‌و بڕوات بۆ جێگه‌ی تر، به‌ڵام هیچ گره‌نتییه‌ك نه‌كراین".
ئه‌وه‌شی وت: "ئێستا قه‌زاو ناحییه‌كانی ده‌وروبه‌ری سلێمانی كاره‌بایان بۆ كراوه بۆ 20 ئه‌مپێرو شه‌و و رۆژی 23 كاتژمێر كاره‌بایان هه‌یه، به‌ڵام له ناو سه‌نته‌ری شار ده‌بێت خه‌ڵك خۆی داوای ئه‌وه بكات، پاشانیش پێناچێت ئه‌و 20 ئه‌مپێره‌ی بۆ گوند و قه‌زاو ناحییه‌كان ده‌گونجێت بۆ ناو شاره‌كان بگونجێت".
له‌سه‌ر پرسی موه‌لیده ئه‌هلییه‌كان و گرانكردنی نرخ، غالب محه‌مه‌د ئه‌وه‌ی وت: "كۆمپانیای قه‌یوان وێستگه‌یه‌كی كاره‌بای 500 مێگاواتی خستووه‌ته كار و كاره‌باكه‌ی ده‌فرۆشێت به به‌غدا، ئه‌و وێستگه‌یه گازی پاڵاوگه‌ی بازیانی بۆ دابین ده‌كرێت، ئه‌مه‌ش وایكردووه نرخی گاز بۆ هه‌ر ته‌نێك 200 دۆلاری بچێته‌سه‌ر، گازه‌كه لیتری له 500 دیناره‌وه بووه به 650 دینار".
ئه‌وه‌شی وت: "ئه‌و كاره‌بایه سووده‌كه‌ی بۆ هه‌رێم نییه، به‌ڵام زیانه‌كه‌ی وه‌ك گرانكردنی گاز و تێكدانی ژینگه‌ی هه‌رێمی لێده‌كه‌وێته‌وه".
لە ئێستادا نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵ بە 625 دینارە، کە پێشتر بۆ هەر لیترێک 600 دینار بوو.
PM:03:08:12/08/2017
ئه‌م بابه‌ته 7028
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت