دوای دوو مانگ لە قەیران.. ئابووری قەتەر بەرەو كوێ‌ ؟


وێستگە نیوز- دانیار فاروق

دوای ئەوەی لەلایەن هەریەك لە ئیمارات و بەحرەین و سعودیە و میسر، تۆمەتی پاڵپشتیكردنی گرووپە تیرۆریستییەكانی خرایە پاڵ، لەگەڵ تۆمەتباركردنی حكومەتی دەوحە، ئەو وڵاتانە بڕیاریاندا گەمارۆی ئابوری و سیاسی بخەنە سەر قەتەر.

بڕیارەكان لەدژی قەتەر تادێت قورستر دەبن، ئەمەش لەڕووی ئابوریەوە كاریگەری خۆی لەسەر ئەو وڵاتە دروست دەكات، بەتایبەتی كاتێك ژمارەكان پێچەوانە دەبنەوە بەجۆرێك بەپێی راپۆرتە ئابوریەكانی بانكی ناوەندی قەتەری كە رۆژی یەك شەممەی رابردوو بڵاویكردۆتەوە، پاشەكشە لە دراوی بیانی بەبڕی 10 ملیار و 400 ملیۆن دۆلاری ئەمریكی روویداوە.

ئەمەش ئەوە دەردەخات كە بەڕێژەی لە 30% پاشەكشە لە دراوی بیانی لەو وڵاتە روویداوە، كە ئەمەش لەماوەی 5 ساڵی رابردوودا یەكەمجارە پاشەكشەی لەو جۆرە لە دراوی بیانی لەو وڵاتە بێتە ئاراوە.

ئەم پاشەكشەی دراوی بیانی یە لە بانكەكانی قەتەر بەتایبەتی بانكی ناوەندی قەتەر، وادەكات بانكی ناوەندی بیر لە رێگە چارەی تر بكاتەوە، بۆ قەرەبووكردنەوەی پارەی نەختینەی بانكی ناوەندی و بەرگریكردن لە بەهای ریالی قەتەری.

لای خۆیەوە دەزگای وەبەرهێنانی قەتەری سندوقێكی دامەزراندووەو لە هەژمارە سیادییەكانی وڵاتەكەی، توانیویەتی بەشێكی ئەو زیانەی بەر بانكی ناوەندی قەتەری كەوتووە قەرەبوو بكاتەوە.
سەرباری كەمبوونەوەی مامەڵە بیانییەكان لەسەرو هەموشیانەوە مامەڵەكانی نێوان وڵاتانی كەنداو، كە ئەمەش وایكردووە كەرتی بانكی لە قەتەر بخاتە بەردەم چەندین هەوراز و نشێو.

بڕیارە داراییە قورسەكان:
ئەگەر ئەم قەیرانە بەردەوامی هەبێت ئەوا حكومەتی دەوحە دەخاتە بەردەم چەندین رێگای چارەنووسساز، كە هیچیان لەوی تر ئاسانتر نیە، ئەمەش وادەكات دەوحە هەڵبژاردن بكات لەنێوان بەرگریكردن لەبەهای دراوەكەی، یاخود دەستی زیاتر بگرێت بە دەستكەوتە داراییەكانی، یان بەهای ریالی قەتەری كەمبكاتەوە.

قەتەر سەرباری قەیرانە ئابوورییەكەی كە بەهۆی ناكۆكییە سیاسییەكانیەوە كە لەگەڵ هەریەك لە سعودیە و ئیمارات و بەحرەین و میسر هەیەتی، لەئێستادا سوورە لەسەر هەڵوێستەكانی لەبەرامبەر ئەو وڵاتانە، بەهۆی قەیرانی سیاسییەوە داواكاری‌ و دەستپێشخەریی‌ مەرجداری‌ سعودیە و هاوپەیمانەكانی‌ رەتكردەوە بۆ دەستپێكردنی‌ گفتوگۆ لەگەڵیداو بەپێشێلكاریی‌ یاسا نێودەوڵەتیەكان وەسفی دەكات.

محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی‌ وەزیری‌ دەرەوەی‌ قەتەر رایگەیاند, وڵاتەكەی‌ داواكاریی‌ ئەو وڵاتانە رەتدەكاتەوە كە گەمارۆیان سەپاندووە بەسەریدا و ئەو داواكارییانەش بە پێشێلكردنی‌ یاسا نێودەوڵەتیەكان دادەنێت.

پێویستە بوترێت رۆژی یەكشەممەی رابردوو، وەزیرانی‌ دەرەوەی‌ سعودیەو ئیمارات و بەحرەین و میسر وەك تەواوكاری‌ كۆبونەوەی‌ قاهیرە لە مەنامە كۆبونەوەو لە راگەیەندراوێكدا جەختیانكردەوە لەسەر داواكارییەكانیان لە قەتەر و رایانگەیاند، ئەگەر دەوحە دەست لە پشتگیریكردنی‌ تیرۆر هەڵبگرێت ئامادەن دانوستانی‌ لەگەڵدا بكەن.

سەرچاوە: سكای نیوز + شەرقول ئەوسەت


PM:03:07:31/07/2017


ئه‌م بابه‌ته 4267 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو