بارزانی و وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوەی ژاپۆن كۆبوونه‌وه‌


وێستگه‌ نیوزـ

ئێوارەی ئه‌مڕۆ چوارشەممە 11ی كانونی دووه‌می 2017، لەرێوڕەسمێكدا كونسوڵخانەی ژاپۆن له‌ هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان كرایه‌وه‌ و رێوڕه‌سمه‌كه‌ش بەئامادەبونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەت و كێنتارۆ سونۆرا، وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری دەرەوەی ژاپۆن، به‌ڕێوه‌چوو.

پێش رێوه‌ره‌سمه‌كه‌ش كێنتارۆ سونۆرا، وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری دەرەوەی ژاپۆن به‌یاوه‌ریی  فۆمیۆ ئاوای، باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق و کاتسۆمی مۆریاسۆ، کونسوڵی ژاپۆن لە هەرێمی کوردستان چاوی به‌ مەسعود بارزانی كه‌وت.

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاشكرایكرد كه‌ وەزیره‌كه‌ی ژاپۆن رایگەیاندووە، وڵاتەکەی خوازیاره‌ پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان پەرە پێبدات و هه‌ر بۆ ئه‌و ئەو مەبەستەش کونسوڵخانەی وڵاتەکەی لە هەولێر ده‌كاته‌وه‌، ئامادەیی ژاپۆنیشی ده‌ربڕی بۆ هاوکارییکردنی هەرێمی کوردستان لە سه‌رجه‌م بوارەکاندا بەتایبەت لە پووچەڵکردنەوەی تەقەمەنییەکانی پاشماوەی شەڕ و پەرەپێدانی كەرتەكانی ئابووری و پیشەسازی و تەندروستی.

لەبەرامبەردا بارزانی دەستخۆشی و پیرۆزبایی کردنەوەی کونسوڵخانەی ژاپۆنی لە هەولێر ئاراستەی وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوەی ژاپۆن کرد، وێڕای سوپاسی بۆ حكومەت و گەلی ژاپۆن، كردنەوەی كونسوڵخانەی تۆكیۆ-ی لە هەولێر بە هەنگاوێكی باش بۆ فراوانكردنی پەیوەندییەكانی هەردوولا وەسفكرد، ئامادەیی هەرێمی كوردستانیشی بۆ فراوانتركردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ ژاپۆن ده‌ربڕی.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌دا مه‌سعود بارزانی رایگه‌یاندووه‌ كه‌ ئەگەرچی ئێستا داعش لە داڕووخان و شکستی گەورەدایە، بەڵام ئەوە مانای وانییە تێکشکانی داعش لەڕووی سەربازییەوە دەبێتە کوتایی هاتنی تیرۆر و توندڕه‌وی، چونکە رەنگە بەناوی جیا و شێوازی جیاواز دەربکەونەوە، بۆیە پێویستە هەماهەنگی و هاوکارییەکی هەمەلایەنە بۆ لەنێوبردنی تیرۆر و تووندڕۆیی هەبێت، نەک هەر تەنیا لەڕووی سەربازییەوە، بەڵکو لە هەموو ئاستەکاندا.

هه‌رئەمڕۆ حكومه‌تی هەرێمی كوردستان و ژاپۆن یاداشتێكی لێكگه‌یشتنیان بۆ بواری هاوكاریكردنی ژاپۆن لەهەڵگرتنەوەی مین لەهەرێمی كوردستان واژوو كرد.


PM:06:33:11/01/2017


ئه‌م بابه‌ته 1056 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت