بافڵ تاڵه‌بانی: هه‌ڵبژاردن له‌واده‌ی خۆیدا ده‌كرێت

‌بافڵ تاڵه‌بانی

وێستگه‌نیوزـ

بافڵ تاڵه‌بانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان جەختدەکاتەوە کە هەڵبژاردن لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا دەکرێت.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 17ی نیسانی 2024، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە دیداری سلێمانی رایگەیاند، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی خۆیدا دەکرێت و یەکێتیش زۆر ئامادەیە بۆ هەڵبژاردن و کورسییەکانی زۆر زیاد دەکات.

سەرۆکی یەکێتی داواشیکرد، لەم هەڵبژارنەدا هەموو لایەنەکان بەشداری بکەن و وتی، "ئەم وڵاتە پێویستی بە گۆڕانکارییە و پێویستمان بە پەرلەمانێکە کە بتوانین ریفۆرمی جددی بکەین و پێویستمان بە حکومەتێکە کە گفتوگۆی جدی لەگەڵ بەغدا بکات بۆ ئەوەی بتوانین مووچە و هەموو حەقێکی گەلی کورد دابینبکەین.

لەبارەی کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بەوەکرد، "بڕیارنەدراوە کۆبوونەوەی نێوان لایەنە سیاسییەکان ئەنجامبدرێت، بەڵام ئێمە بۆ هەموو دانیشتنێک ئامادەین و حەزدەکەم کورد یەکڕیز بێت و کوردی هەر چوار پارچەی کوردستان بە یەکچاو سەیربکرێن و بەیەکەوە ئیشبکەین".

هاوكات هه‌ر ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 17ی نیسانی 2024، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی پێشوازی لە دەیڤد بەرگر، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عیراق کرد.

به‌گوێره‌ی راگه‌یاندراوی نووسینگه‌ی سه‌رۆكی یه‌كێتی، لە دیدارێکدا كە دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکان ئامادەبوو، گفتوگۆ لەبارەی پرسی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان کرا و جەخت لە گرنگی و پێویستیی هەڵبژاردنێكی بێگەرد كرایەوە كە وەڵامدەرەوەی خواستەكان بێت و ببێتە مایەی گۆڕانكاری لەناوچەكە.

لە درێژەی دیدارەکەدا بافڵ تاڵەبانی پابەندبوونی یەكێتی بەو وادەیە دووپاتكردەوە كە سەرۆكایەتیی هەرێم بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دایناوە و راشیگەیاند، هەموو هەوڵێك بۆ دواخستنی هەڵبژاردن زیان لە هەرێم دەدات و دەسەڵاتە یاسایی و ئیدارییەكانیش دەخاتە ژێر پرسیارەوە. بۆیە پێویستە هەڵبژاردن بكرێت و ئەزموونەكەمان گەشەپێبدات نەك هەوڵ بۆ دواخستنی بدرێت.

بافڵ تاڵه‌بانی روونیشیکردەوە، "دڵنیاین هەڵبژاردنی ئەمجارە دەبێتە هۆی بەهێزتركردنی قەوارەی هەرێمی كوردستان و وێنەیەكی دیموكراسیی هەرێمەكەشمان نیشانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەدات".


PM:05:31:17/04/2024








ئه‌م بابه‌ته 932 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو