هه‌شته‌مین دیداری‌ سلێمانی ده‌ستی به‌كاره‌كانی كرد


وێستگه‌ نیوزـ

سلێمانی ئه‌مڕۆ چوارشەممە له‌ زانكۆی‌ ئه‌مریكی‌ له‌سلێمانی‌ هه‌شته‌مین دیداری‌ سلێمانی ده‌ستی به‌كاره‌كانی‌ كرد و نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و عه‌ممار حه‌كیم، سه‌رۆكی ره‌وتی حیكمه‌ و قاسم ئه‌عره‌جی، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و چه‌ندین كه‌سایه‌تیی دیكه‌ی ناوچه‌كه‌ و جیهان تیایدا به‌شدارن.

له‌ كاتژمێر 10ی سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ یه‌كه‌م رۆژی دیداره‌كه‌ به‌به‌شداری‌ چه‌ندین كه‌سایه‌تی‌ سیاسی و ئابوری‌ و ئه‌كادیمی‌ و خاوه‌ن بڕیار بۆ تاوتوێكردنی‌  ناکۆکییە هەرێمییەکان و قەیرانی مرۆیی لە غەزە و چارەسەری وزەی بەردەوام و کێشە گرنگەکانی عێراق و ناوچەکە ده‌ستی به‌كاره‌كانی كرد و بریاره‌ له‌ كاتژمێر 5:00ی ئێواره‌ی رۆژی پێنجشه‌ممه‌ كۆتایی بێت.

دیداری سلێمانی یەکەم دیداری سیاسی گەورەیە لە عیراق و ناوچەکەدا، ئەمساڵ بە هاوبەشی لەگەڵ Chatham House و پەیمانگای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست The Century International، پەیمانگای ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ ئاشتی، Instituto Affari Internazionali، گروپی قەیرانی نێودەوڵەتی و سەنتەری ئەلبەیان بۆ پلاندانان و لێکۆڵینەوە بەڕێوەدەچێت.

گۆران عەلی كه‌ریم، رۆژنامه‌نووس به‌ وێستگه‌نیوزی راگه‌یاند: دیدارەکە بە بەشداری دەیان سیاسەتمەدار و توێژەری بواری سیاسەت و ئابووری و ژینگە و ئاسایش لە زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی سەبارەت بە پرسی ژینگە و ناکۆکییە هەرێمییەکان رێک دەخرێت.

وتیشی: "تەوەرەکانی دیداری ئەمساڵ تایبەتە بە چۆنیەتی بەشداریکردنی چالاکوانان و توێژەران لە دۆکیومێنتکردنی زیانە ژینگەییەکان و برەودان لە هۆشیاری بە بەکارهێنانی، هەروەها  باسکردنی ناکۆکییە هەرێمییەکان و قەیرانی مرۆیی لە غەززە و چارەسەری وزەی بەردەوام و کێشە گرنگەکانی عیراق و ناوچەکەیە".

 دیداری ئه‌مساڵ، له‌ سایه‌ی ململانێ و گرژیه‌كانی ناوچه‌كه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت، هه‌روه‌ها "بوارێكی گرنگه‌ بۆ سیاسه‌تمه‌نداران و توێژه‌ران و چالاكوانان كه‌ ده‌رفه‌تی به‌شداریكردن و دیالۆگی راسته‌وخۆیان هه‌بێت".



AM:10:15:17/04/2024


ئه‌م بابه‌ته 748 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت