بافڵ تاڵه‌بانی و باڵیۆزی فینلاند له‌ عێراق كۆبونه‌وه‌: هەڵبژاردنێكی بێگەرد لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا ئەنجامبدرێت


وێستگه‌ نیوزـ

سه‌رۆكی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و باڵیۆزی فینلاند له‌ عێراق كۆبونه‌وه‌و وه‌ك راگه‌یه‌ندراوی كۆبونه‌وه‌كه‌ ده‌ڵێت: " هەردوولا هاوڕابوون هەڵبژاردنێكی بێگەرد لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا ئەنجامبدرێت".

ئه‌مرۆ چوارشه‌ممه‌ 16ی نیسانی 2024، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازیی لە ئانو سارێلا، باڵیۆزی فینلاند لە عیراق کردو له‌ راگه‌یه‌ندراوی كۆبونه‌وه‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ هه‌ردوولا دوایین گۆڕانكارییە سیاسی و ئابووری و ئەمنییەكانیان تاوتوێ كردوه‌.

سه‌رۆكی یه‌كێتی و باڵیۆزی فینلاند، جەختیان لە بەردەوامیی گفتوگۆكان و هەماهەنگیی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەكان كردوه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ش "لەپێناو چارەسەركردنی كێشەكان و ئاڕاستەكردنی وڵات بەرەو سەقامگیری."

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ بافڵ تاڵەبانی هەڵوێستی یەكێتی لەبارەی كۆی هاوكێشەكان روونكردوه‌ته‌وه‌ وتویه‌تی: "ئێمە پابەندین بە سەقامگیریی وڵات و دەستەبەركردنی ژیانێكی شایستەوە بۆ خەڵكەكەمان، هەموو هەوڵەكانیشمان لەپێناو كۆتاییهێنان بە ناكۆكییەكان و گەیشتن بە ئەنجامێكە كە ئاشتی و ئاوەدانی بەدوای خۆیدا بهێنێت."

لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستانیش، وه‌ك راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ ده‌ڵێت: "هەردوولا هاوڕابوون هەڵبژاردنێكی بێگەرد لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا ئەنجامبدرێت و ببێتە مایەی ئارامیی سیاسی، بەرەوپێشچوون و بەهێزتركردنی پایەكانی دیموكراسی لە هەرێمەكەمان."


PM:05:32:16/04/2024


ئه‌م بابه‌ته 500 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت