سه‌نته‌ری میترۆ: پێشوازی له‌ بڕیاری دادگای به‌رایی كه‌لار ده‌كه‌ین

‌دڵشاد ئەنوەر

وێستگه‌نیوزـ

سەنتەری میترۆ پێشوازی لە بڕیاری دادگای بەرایی كەلار دەكات بۆ بەرژەوەندی رۆژنامەنووس (دڵشاد ئەنوەر) و هەموو فشارو دەستێوەردانێك بۆ كاتی تێهەڵچوونەوە (ئیستئناف) رەتدەكاتەوە.


بە پێی زانیارییەكانی سەنتەری میترۆ، پاش دەرچوونی بڕیاری دادگای بەرایی كەلار بە رەتكردنەوەی ئەو داوا یاساییەی لەسەر رۆژنامەنووس دڵشاد ئەنوەر دەرچووە، جۆرێك لە فشار هەیە بۆ كاتی تێهەڵچوونەوەی (ئیستئناف) كەیسەكەو میترۆ ئاگاداری وردەكاری ئەو فشارانەیە.

داوا یاساییەكە بە هۆی بڵاوبوونەوەی راپۆرتێك بوو لە ژمارە 7ی ئازاری 2013ی  گۆڤاری رایەڵ  بەناونیشانی"عەدنانی حەمەی مینا دەیەوێت بینایەكی گەورە لەسەر ئەو موڵكە دروستبكات كە داگیری كردوە".

دادگاكە بە سەرۆكایەتی دادوەر (گۆران محەمەد عەلی) بۆ دۆسییەی رۆژنامەنووس دڵشاد ئەنوەر كە (عەدنان محەمەد قادر) داوای لەسەر تۆمار كردبوو، داوای قەرەبووی 250 ملیۆن دیناری كردووە.

پاش چەندین دانیشتن، وەرگرتنی قسەی دوو شاهێدحاڵ كە موڵكەكانیان داگیركرابوو زانیارییەكانی ناو راپۆرتەكەیان پشتڕاستكردەوە بۆ بەرژەوەندی رۆژنامەنووسەكە، رێكکەوتی 5ی شوبات 2024 دادوەر ئەو سكاڵا یاساییەی رەتكردەوەو تێچووی داوەكەش خرایە سەر شكاتكەر كە بڕەكەی یەك ملیۆن دینار بوو.  

سەنتەری میترۆ پێشوازی لە بڕیاری دادگای بەرایی كەلار دەكات بۆ بەرژەوەندی رۆژنامەنووس (دڵشاد ئەنوەر) و هەموو فشارو دەستێوەردانێك بۆ كاتی تێهەڵچوونەوە (ئیستئناف) رەتكەكاتەوە.

میترۆ جەختدەكاتەوە لە پشتیوانی رۆژنامەنوس دڵشاد ئەنوەر و ئاگاداری فشارو دەستێوەردانەكانە بۆ كاتی تێهەڵچوونەوەی (ئیستئناف)ی كەیسەكە.

سەنتەری میترۆ دەسەڵاتی دادوەری و دادگای كەركوك/ گەرمیان دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتی و داوادەكات رێگری لەو دەستێوەردانە لە دۆسییەیەكە بكات كە دادگا پێشتر بڕیارێكی دروستی داوەو بێلایەنانە دۆسیەكەی یەكلایكردوەتەوە.


PM:03:20:28/03/2024


ئه‌م بابه‌ته 620 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت