خەمیس خەنجەر: کشانەوەی پارتی وڵات دەخاتە مەترسییەوە

‌خەمیس خەنجەر

وێستگه‌نیوزـ

خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانیی سیادە رایگه‌یاند، "بڕیارەکەی پارتی بە بایکۆتی هەڵبژاردن و نیازی بۆ کشانەوە لە پرۆسەی سیاسی، وڵات دەخاتە مەترسییەوە".

خەمیس خەنجەر لە نووسینێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویته‌ری پێشوو) باسی له‌وه‌شكرد: "بایکۆتکردنی پرۆسەی هەڵبژاردن لەلایەن برایانمان لە پارتی دیموکراتی کوردستان و ئاماژەدان بە کشانەوە لە پرۆسەی سیاسی، داهاتووی تەواوی وڵات دەخاتە مەترسییەوە".

خەنجەر کە سەرکردەیەکی سوننەیە و پێشتریش سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم بووە، ئەوەی نووسیوە: "دیالۆگ لەنێوان بەغداد و هەولێر، بە ئامادەبوونی سەرجەم هاوبەشان، تاکە رێگایە بۆ چارەسەری گرفتە سیاسییەکان".

خەمیس خەنجەر پێی وایه‌، "پارتی دیموکرات، کۆڵەکەیەکی سەرەکییە لە ژیانی سیاسیی لە عێراقدا" وەک لە نووسینەکەیدا هاتووە.

رۆژی دووشەممە 18ی ئازار لە راگەیەندراوێکدا مەکتەبى سیاسیى پارتی دیموکراتى کوردستان رایگەیاند، بەشداریی هەڵبژاردنێک ناکەن بە نایاسایی و نادەستووری و لەسایەی سیستمێکی سەپێنراودا بەڕێوەبچێت، دەشڵێت "ئەگەر رێککەوتننامەى پێکهێنانى حکومەتى سودانى جێبەجێنەکرێت ناتوانین بەردەوامبین لە پرۆسەى سیاسی لە عێراق".

باس لەوەشکراوە، لە روانگەى هەستکردن بە بەرپرسیارێتى لە پاراستنى مافەکانى گەلى کوردستان و سیستمى دیموکراسى لە عێراق، بە بەرژەوەندى گەل و نیشتمانى دەزانن بەشداریى هەڵبژاردنێک نەکەن کە بە نایاسایى و نادەستوریى و لە سایەى سیستمى سەپێندراودا بەڕێوەبچێت.



PM:12:59:19/03/2024


ئه‌م بابه‌ته 1420 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت