‌زانیاریه‌كی گرنگ له‌باره‌ی‌ بابه‌تی به‌رگری به‌كتریا و ڤایره‌س و میكرۆبه‌كان ده‌بێت هه‌موان لێی به‌ ئاگابن

وێستگە ستایل-

لە ئێستادا لەسەرتاسەری جیهان، بابەتی بەرگریی بەکتریا و ڤایرەس و میکرۆبەکانی تر بەرامبەر دەرمانە دژە-میکڕۆبەکان ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیادبوون دایە و مەترسییەکەی زۆر زیاترە لە کۆڕۆنا و شێرپەنجە ئەگەر پشتگوێ بخرێت، بەجۆرێکە بێ ئەوەی ئاگادار بیت دەشێ ببیتە هۆکارێک بۆ هیلاکەتیی خۆت و تەنانەت دەوروبەرت، دكتۆر زانا پزیشكی نه‌خۆشییه‌كانی هه‌ناوی و سنگ له‌م بابه‌ته‌دا زانیاری زیاتری خستۆته‌ ڕوو.

ئه‌م پزیشكه‌ ده‌ڵێت"من، وەک پزیشکێکی پسپۆڕ لەو چەند ساڵەی دوایی بە حوکمی دەوامی فەرمییم لە یەکەکانی چاودێری چڕ و قاوشی فریاکەوتنەکان، بە داخەوە چەندین نەخۆشم بەو هۆکارە تووشی لێکەوتەی تووند و مردن بوونەتەوە!"

ده‌شڵێت"بەرگریی میکڕۆبەکان بەرامبەر دژە-میکڕۆبەکان بریتییە لەوەی کە ئەو میکڕۆبە (بەکتریا، ڤایرەس، کەڕوو) بە تەواویی بەرگریی دژی ئەو دەرمانانە پەیدا دەکات کە پێشتر بۆ لەناوبردنی ئەو میکڕۆبانە بەکار دەهاتن، واتا چیتر ئەو دەرمانە ناتوانێ ببێتە هۆی لەناوچوونی میکڕۆبەکە!" 

تۆ لە کوێی هاوکێشەکەیت؟

1-تکایە بێ گەڕانەوە بۆ پزیشک، تکایە تکایە لە خۆتەوە دەرمانی دژە-بەکتریا (ئەنتیبایۆتیک) بۆ هیچ شتێک بەکار مەهێنە! تکایە بۆ پەتای وەرزی ڤایرەسیی، بۆ سکچوونی ڤایرەسیی، بۆ قوڕگ ئێشەیەکی ڤایرەسیی، دژە بەکتریا بەکارمەهێنە! 

2-تکایە بەبێ گەڕانەوە بۆ پزیشکی پسپۆڕ، لە عیادە میللییەکانی گەڕەکەکەت لە خۆتەوە دەرزی و دەرمان و سیڕەپ (شڕوب) ی دژە بەکتریا وەرمەگرە! تکایە لە خۆتەوە کانیولا دامەنێ و دە دەرزی تۆزە هەزارییەکە لەخۆت بدەیت بۆ هەکردنێکی سادەی ڤایرەسیی! 
 
3-تکایە کاتێک پزیشک دژە بەکتریا یان هەر دژە میکرۆبێکی ترت بۆ دەنووسێت، ژەمی تەواویی وەرگرە و بێ گەڕانەوە بۆ ڕاوێژ بە پزیشکەکەت لە خۆتەوە کۆڕسی دەرمانەکەت ڕامەگرە! 

4-تکایە بۆ منداڵە ساواکەت کە تایەکی ڤایرەسیی هەیە، لە خۆتەوە عەلاگەیەک دەرمان لە دەرمانخانە وەرمەگرە تا ڕاوێژ بە پزیشکەکەت نەکەیت! 
5-تەنها پابەندبوونت بەو خاڵانەی سەرەوە هۆکارێکی زۆر کاریگەرە بۆ کەمکردنەوەی بەرگریی میکڕۆبەکان بەرامبەر دژە-میکڕۆبەکان و خۆت و خۆشەویستانت و کۆمەڵگەش دەپارێزیت.


PM:07:34:30/10/2024


ئه‌م بابه‌ته 1096 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل