‌ئاگاداربه‌..کەمتر بخەویت زووتر دەمریت

وێستگە ستایل-

نوسینی: لوقمان حەوێز
دکتۆر ماپیو واکەر سەرۆکی تاقیگەی خەون و خەوتن لە زانکۆی کالیفۆرنیا – شاری بێرکلی کتێبێکی هەیە بە ناوی "بۆچی دەخەوین، دۆزینەوەی هێزی خەون و خەوتن".

ئه‌م پسپۆڕه‌ لە کتێبەکەیدا گەلێک زانیاری سەرنجڕاکێش و نوێ لەسەر خەوتن بڵاو دەکاتەوە، ماپیو دەڵێت بە پێی هەموو لێکۆڵینەوەکان دەرکەوتووە پێویستە هەموو کەسێکی پێگەیشتوو لایەنی کەم 8 کاتژمێر لە شەو و ڕۆژێکدا بخەوێت بەڵام تێکڕای ماوەی خەوتنی هاووڵاتیان لە شەو و ڕۆژێکدا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە ئێستادا تەنیا 6 کاتژمێر و 31 خولەکە، لە چلەکانی سەدەی بیستەم حەوت کاتژمێر و پەنجا خولەک بووە، ئەو دەڵێت ئەو بڕە خەوەی ئێستا بە ترسناک دادەنرێت، چونکە بڕی  پێویستی خەو کە 8 کاتژمێرە لە شەو و ڕۆژێکدا پێداویستیەکی بایۆلۆجی زۆر گرنگە و لەگەڵ گەشەی بایۆلۆجی و پەرەسەندنی مرۆڤ لە ماوەی ملیۆنەها ساڵی ڕابردو بەرجەستە بووە، هەر تێکدانێک یان کەمکردنەوەیەکی ئەو بڕە کاریگەری زۆر نەرێنی دەبێت لەسەر مێشک و جەستەی مرۆڤ.

کاریگەریەکان ئێستا دەرکەوتوون بەپێی زانیاریەکانی کتێبەکەی ماپیو واکەر، ئەویش بە زیادبوونی ڕێژەی نەخۆشیەکانی ئەلزەهایمەر، دایمێنشیا، نەخۆشیەکانی دڵ و سوڕی خوێن، هەروەها لەلایەکی تر دەبێتە هۆی خراپبوونی باری دەروونی و کەمبوونەوەی بەرهەمهێنان لە سەر کار و لە کارگەکان و زۆربوونی کارەساتەکانی هاتووچۆ و قوربانیەکانی.

ئەو دەڵێت بەپێی زۆربەی لێکۆڵینەوەکان کەم خەوی لە تاکەکان بە بڕی 15 تا 20 لەسەدا وەکو ئەوەی کە ئێستا ڕوودەدات لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی تێکڕای تەمەنی کەسەکە بە 5 تا 8 ساڵ.

هەروەها ماپیو واکەر لە کتێبەکەی دەڵێت لەبەر کەم خەوی تاکەکان لە ویلایەتە یەگرتووەکانی ئەمەریکا و جیهان ماددەی کافیین کە خەواڵویی لە مرۆڤ دەڕەوێنێتەوە و لە خواردنەوەی قاوە بە بڕێکی زۆر هەیە قاوەی کردوە بە دووەم گرنگترین بەرهەم لە جیهان لەدوای نەوت.


AM:11:06:23/09/2023


ئه‌م بابه‌ته 2024 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌