‌باشترین هه‌نگاوه‌كانی چاره‌سه‌ری چه‌وری خوێن

وێستگە ستایل-

چه‌وری خوێن یه‌كێكه‌ له‌ گرفته‌ باوه‌ زیان به‌خشه‌كان هۆكاره‌ بۆ توشبوون به‌ جه‌ڵده‌، دكتۆر داهات پزیشکی پسپۆری هەناوی و شەکرە له‌م بابه‌ته‌دا چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ری چه‌وری خوێن ده‌خاته‌ ڕوو.

ئه‌م پزیشكه‌ ده‌ڵێت" یه‌كه‌م هه‌نگاو بۆ چاره‌سه‌ركردنی به‌رزبوونه‌وه‌ی چەوری‌ خوێن بریتیه‌ له‌ خواردنێكی ته‌ندروست و كه‌مچه‌وری، خواردن په‌یوه‌ندیه‌كی پته‌وی به‌ ئاستی كۆلیسترۆڵی خوێنه‌وه‌ هه‌یه‌، هه‌ندێ خواردنی ته‌ندروست به‌قه‌ده‌ر به‌كارهێنانی ده‌رمان سوودی ده‌بێت."

گرنگیدانی تایبه‌ت به‌ سه‌وزه‌ (وه‌كو خه‌یار و كاهوو و كه‌له‌رم و گێزه‌ر) ومیوه‌كان (به‌تایبه‌تی سێو و هه‌رمێ و مزره‌مه‌نیه‌كانی وه‌كو پرته‌قال و لیمۆ) و دانه‌وێڵه‌كانی وه‌كو نۆك و بازیلا و پاقله‌مه‌نیه‌كان زۆر به‌سووده‌ بۆ هێنانه‌ خواره‌وه‌ی ئاستی چه‌وری خوێن، هه‌روه‌ها خواردنی چه‌ره‌زاتی وه‌كو  گازۆ و فسته‌ق و عه‌لی بابا و گوێز زۆر به‌سووده‌ (به‌ڵام گوڵه‌به‌ڕۆژه‌ چه‌وری خوێن زیاددەكا). وا باشه‌ نه‌خۆشه‌كه‌ زۆربه‌ی خواردنه‌كانی كوڵاو بێت و دووربكه‌وێته‌وه‌ له‌ خواردنه‌ی سوره‌كراو و له‌فه‌ و پیتزا.

سه‌باره‌ت به‌ خواردنی به‌رهه‌مه‌كانی گۆشت دكتۆر داهات ده‌ڵێت" بۆ گۆشتیش پێویسته‌ زیاتر گۆشتی ماسی و گۆشتی مریشك بخورێت، گۆشتی سوور بە کوڵاوی یان بە برژاوی باشترە."

باشترین هه‌نگاوه‌كانی دابه‌زاندنی چه‌وری خوێن بریتیه‌ له‌:

1- بۆ دابه‌زاندنی ئاستی چه‌وری خوێن وا باشه‌ وه‌رزشێكی ڕێك و پێكی به‌رده‌وام بكرێت. جوڵەی ئیش کردن زۆر کاریگەر نیە بۆ دابەزاندنی چەوری، بەڵکو ڕۆیشتن یان جووڵە بەشێوەیەک بێت کە کەمێک خێرا بڕوات تا لێدانی دڵی زیادکات و کەسەکە هیلاک بێت و ئارەقە بکاتەوە ئنجا سوودی ئەبێت. یاخود هەر وەرزشێکی تری وەکو جیهازی وەرزشی ناو ماڵ، مەلە کردن، ڕاکردن، یاخود بەشداری کردن لە هۆڵی وەرزشی سوودی زۆری ئەبێت بۆ توانەوەی چەوری.

2-ده‌رمانی دابه‌زاندنی چه‌وری خوێن كاتێك به‌كاردێت كه‌ كه‌سه‌كه‌ ئاستی چه‌وری خوێنی زۆر به‌رزبێت یاخود  نه‌خۆشی دڵ‌ یان شه‌كره‌ی له‌گه‌ڵدا بوو، یان دوای ماوه‌یه‌كی زۆر له‌ پارێزی خواردن و وه‌رزشكردن ئاستی چه‌وریه‌كه‌ هه‌ر دانه‌به‌زی. پێویسته‌ له‌گه‌ڵ به‌كارهێنانی ده‌رمانه‌كه‌ش، نه‌خۆشه‌كه‌ له‌سه‌ر پارێزی خۆی هه‌ر به‌رده‌وام بێت. 

دەرمانەکان بە پێی جۆری چەوریەکە و ڕێژەی چەوریەکە و نەخۆشیە درێژخایەنەکان ئەگۆڕێت، لە حالەتی‌ دەگمەنی‌ بەرزبونەوەی چەوری‌ سیانی ئەگەر بە حەب چەوریەكە دانەبەزیێت نەخۆشەكە پیێویستی بە غەسلی خویێن دەبێت.


AM:11:36:06/06/2023


ئه‌م بابه‌ته 1500 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌