‌منداڵ لە چەند ساڵیدا ژوری نوستنی جیابکرێتەوە؟

وێستگە ستایل-

یەکێک لە پرسە بەردەوامەکانی دایباب، بریتییە لە پرسیاری "ئایا لە چی تەمەنێکدا دەبێت جێگەی منداڵ جیابکرێتەوە؟" "کەی گونجاوە بۆ منداڵ لە ژوری خۆی بخەوێت؟" لە کاتێکدا وەڵامی ئەم پرسیارە دەدەینەوە زۆرجار پشت بە ئەزموونی کەسی دەبەستین، و ڕاجیاییەکی زۆر لەو بارەوە هەیە، بەڵام لە راستیدا دەبێت سەرجەم لایەنە پەروەردەییەکان بەهەند وەربگرین.

دكتۆر جەعفەر پزیشکی پسپۆری دەروونی له‌م بابه‌ته‌دا وەڵامێکی کورت و دیاریکراو بۆ ئەو پرسیارە ده‌داته‌وه‌ به‌ دایكان و باوكان:

منداڵ هەر لە سەرەتای لە دایکبوونییەوە پێویستە لە جێگەی نوستنی خۆی بخەوێت کە جیایە لە جێگەی دایباب، جا ئەو جێگەیە دۆشەکێکی تایبەتە، کالیکۆتە، جۆلانەیە، جێگەی خەوتنە، بێشکەیە، .. هەرچییەک بێت کە بەگوێرەی تەمەنەکە دەگۆرێت. واتە نابێت منداڵەکە لەسەر هەمان جێگەی دایباب بخەوێت!

بەڵام سەبارەت بە جیاکردنەوەی ژووری نوستن لە ژووری دایبابی؛ ئەوە باشترین تەمەنی ٢ بۆ دووساڵ و نیو! لەو تەمەنەدا منداڵ دەبێت لە ژورێکی تر بخەوێت بەجیا لە دایبابی. جا بە تەنها بێت لە ژووەکە یاخود لەگەل خوشکوبرای بێت.

جۆرەکانی خەوتن لە ڕووی پەیوەندی لەگەل ئەوانی تر:
منداڵ بەگشتی سێ شێوازی خەوتنی هەیە لە رووی پەیوەندی لەگەل ئەوانی تردا:
- خەوتن لەگەل دایباب: لێرەدا مندالەکە لەهەمان ژوری دایباب دەخەوێت.
- خەوتن لەگەل خوشکوبرا: منداڵ لە ژورێکدا لەگەل یەکێک یان زیاتر لە خوشکوبراکانی دەخەوێت.
- خەوتن بە تەنها: خەوتنی منداڵە لە ژورێکدا کە تەنها خۆی تێدایە!
دوو جۆری یەکەم و دووەم، پێیدەوترێت خەوتنی هاوبەش.
ئەمە سێ شێوازە باوەکەیە، ئەگەرنا هەندێکجار منداڵ لەگەڵ کەسانی تری وەکو داپیرە و باپیرە، هاورێ، کەسانی نزیک لەژورێکی هاوبەشدا دەخەوێت، بەڵام ئەمانە کاتین و بەردەوام نین.

سودەکانی جیاکردنەوی ژووری خەوتنی منداڵ:
خەوتنی منداڵ لە ژورێکی جیا لە دایباب سودی زۆری هەیە، هەردوولا؛ منداڵ و دایباب سودوەردەگرن:
1. هۆکارێکە بۆ گەشەکردنی لایەنی هەڵچوونی منداڵ: 
- بەتایبەت لە لایەنی فێربوونی چۆنییەتی خۆئارامکردنەوە کاتێک کە خەویلێناکەوێت. چونکە پێشتر ئەگەر خەوی لێنەکەوتایە راستەوخۆ بە باوەشی گەرمی دایباب دەخەوت و ئارام دەبووەوە، ئێستا دەبێت خۆی فێرببێت چۆن ئارام دەبێتەوە.

- هەروەها دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ترسەکانی منداڵ، بەتایبەت ترس لە تاریکی و تەنهایی و ژوری داخراو، ... ئەم ترسانە لە منداڵاندا زۆرن و بە جیاکردنەوەی ژورەکەی دەبێتە هۆی ئەوەی ترسی لەو شتانە نەبێت.

2. بنیاتنانی سەربەخۆیی و پشتبەخۆبەستنی منداڵ:
- منداڵ دەبێت سەربەخۆیی خۆی وەربگرێت و وەکو کەسێکی تایبەت و بێهاوتا مامەڵەبکات و تێبکۆشێت، خەوتن لە دووری دایباب ئەو هەستەی بەهێزتر دەکات و بەرەوپێشی دەبات.
- هەروەها هەندێکجار و کات پێویستە منداڵ لە دوری دایبابی بێت، بۆنمونە لە کاتی نەخۆشکەوتنی دایباب و دووربون لە منداڵەکە، یاخود کاتێک منداڵەکە گەورە دەبێت و بۆ چالاکی و گەشت لە دووری دایباب دەمێنێتەوە. لەم کاتانەدا بەئاسانی دەگونجێت و بروای بەخۆی هەیە.

3. پاراستنی ئازادی و پەیوەندی نێوان دایباب:
- لەم کاتەدا دایک و باوک دەتوانن ئاسانتر پەیوەندییەکانیان لە رووی خۆشەویستی و سۆزداری و جەستەییەوە ئەنجامبدەن. هیچ کەسێک نابێتە هۆی تێکدانی پەیوەندی نێوانیان نە لە روی هەستوسۆزەوە نە لە روی جەستەییەوە.

4. پاراستنی منداڵ لە زەبری دەروونی:
- زۆر منداڵ بەهۆی بوونیان لە ژوری دایباب توشی چەندین زەبری دەروونی بونەتەوە، بەتایبەت کە دایباب پەیوەدنییەکی سێکسیان ئەنجامداوە و منداڵەکە بەئاگابووە لەو پەیوەندییە. یاخود دایباب لەگەل یەکتر کێشەیان هەبووە و منداڵەکەش لەگەڵیان بووە کە ئەوان چۆن رووبەروی یەکتر بونەتەوە.
- لە کاتی نوستن لە ژوری تایبەتیدا منداڵ لە سەرجەم ئەو زەبر و فشارانە بەدوردەبێت!

بۆچی تەمەنی ٢ بۆ ٢ ساڵ و نیو؟
زۆر هۆکار هەن پێماندەڵێن ئەو تەمەنە گونجاوە بۆ جیاکردنەوەی ژوری نوستی منداڵ لە دایباب، لێرەدا ئاماژە بە هەندێکیان کراوە:
1. منداڵ خاوەنی توانایەکە کە دەتوانێت سەربەخۆ بێت؛ ئەمەش بەهۆی دروستبوونی:
- تواناکانی جەستەیی لە روی رۆیشتن و کردنەوەی دەرگا، خواردن و خواردنەوە...
- توانای پەیوەندیکردنی وەکو قسەکردن و دەربرینی راوبۆچونەکانی. 
- توانای ژیری لە ڕووی تێگەیشتن و فێربوون و یادگەوە.

بەهۆی ئەم توانایانەوە دەتوانێت لەکاتی پێویستدا لە ژورەکەی بێتە دەرەوە یاخود پێداویستییەکانی خۆی دابین بکات و داوا لە دایباب نەکات، یاخود بە ئاسانی دایباب تێبگەیەنێت و بگاتە لاین.

2. دروستبوونی پەیوەستیی لەگەل دایباب: منداڵ پێویستی بە دروستبوونی پەیوەستی هەیە لەگەل بەخێوکارەکەی، لەبەرئەوە هەتا تەمەنی نزیکی ٣ ساڵ باشترە لەگەلیان بێت و بەتەواوی پەیوەندییەکە بەهێز ببێت. بەیەکەوە خەوتن لە تەمەنی بچوکی زۆر سودی هەیە؛
- هاوکارە بۆ پەیوەندی باشتر و گفتوگۆکردن لەگەل دایباب.

- پاراستنی منداڵە لە ترس و دڵەراوکێکانی کە هەیەتی و فێرکردنی لێهاتووییەکانی خەوتن و زاڵبوون بەسەر ترس و فشارەکاندا.
- ئاگاداربوون لێی و پاراستنی لە مەترسی، بەتایبەت کە مردنی لە ناکاو لە تەمەنی ١ بۆ ٤ مانگ زۆر زۆرە، نزیکەی (٪٩٠) ی ئەو منداڵانەی بە مردنی لەناکاو دەمرن تەمەنیان لە ٦ مانگ کەمترە. هەروەها لە روی شیرپێدان و پاککردنەوەی زیاتر پێویستی بە بەخێوکارەکەی هەیە.

3. جیاکردنەوە لە تەمەنی بچوکیدا ئاسانترە! منداڵ هەتا گەورەتر بێت نارەحەتتر فێردەبێت کە بەجیا لە دایبابی بخەوێت، لەبەرئەوە پێویستە هەر لە سەرەتای تەمەنییەوە جێگەی خەوتنی جیابێت. تەمەنی ٢ ساڵ و نیو منداڵ جگە لە توانای تێگەیشتنی کەمتر ترسەکانی هەیە و ئاسانتر دەتواندرێت رابهێندرێت لەسەر مانەوە بە تەنهایی.


PM:09:21:19/05/2022


ئه‌م بابه‌ته 2576 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌