‌مۆدریج داهاتووى خۆى یەکلایی کردەوە

وێستگە سپۆرت-

لۆکا مۆدریچی یاریزانی کرواتی، یاریزانی ڕیال مەدرید، خواستی خۆی بۆ وازهێنان لە درێسی ڕیال مەدرید پشتڕاستکردەوە، لەگەڵ نزیکبوونەوەی کۆتایی گرێبەستەکەی.

گرێبەستەکەی مۆدریچ لەگەڵ ڕیال مەدرید لە 30ی حوزەیرانی داهاتوو کۆتایی دێت، تا ئێستاش هەڵوێستی خۆی لەبارەی نوێکردنەوە یان ڕۆیشتنی یەکلایی نەکردووەتەوە. لە کاتێکدا تۆنی کرۆس هاوڕێی یانەکەی بڕیاریدا دوای یۆرۆی ٢٠٢٤ واز لە یاری تۆپی پێ بهێنێت.

مۆدریچ لە لێدوانەکانیدا بۆ ڕادیۆی ئیسپانی "ئێل پارتیدازۆ دی کۆپ" وتی: بڕیارەکە سەبارەت بە داهاتووی من دراوە و هێشتا ناتوانم باسی ئەوەتان بۆ بکەم.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەمیشە وتوومە کە دەمەوێت لە ڕیال مەدرید واز بهێنم، ئەمەش ئەوەیە کە بەڕاستی دەمەوێت و هەمیشە هەوڵی بۆ دەدەم، ئەمەش خەونێک دەبێت بۆ من و خێزانەکەم.

لە کۆتاییدا وتی: ڕیاڵ مەدرید ماڵی منە، یانەی ژیانی منە و هەوڵدەدەم بە درێسەکەی کۆتایی بە ژیانی پیشەگەریی خۆم بهێنم

لۆکا مۆدریچ ماوەی 12 ساڵە لە یانەی ڕیال مەدریددایە، بە درێسی یانەی شاهانە توانیویەتی هەموو نازناوەکان بەدەستبهێنێت


AM:10:40:28/05/2024


ئه‌م بابه‌ته 956 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌