‌کاردانەوەى ئەنچیلۆتى پاش بردنەوەیان لە ئالاڤێس

وێستگە سپۆرت-

ئەنچیلۆتی دەڵێت ئەم وەرزە باشترین ساڵى کارى راهێنەرایەتیم بووە و هەفتەى داهاتووش دەست دەکەن بە ئامادەکارى بۆ یارى کۆتایی چامپیۆنسلیگ.

پاش بردنەوە لە دیپۆرتیڤۆ ئالاڤێس، کارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەری ریاڵ مەدرید وتی: بێ گومان باشترین وەرزم بووە لە کاروانی راهێنەرایەتیم لە خولدا و ئاستێکی نایابمان پێشکەش کرد و بە هەموو ڕێزێکەوە بردنەوەمان بەدەستهێنا، هەمووان چاوەڕێی ئەوە بوون کە کۆسپێک ڕووبدات، بەڵام ئەوە ڕووی نەدا .

دەشڵێت: لە رووی گۆڵ لێکرانەوە ژمارەی پێوانەیی پاکمان بەدەستهێناوە و ئەوە ژمارەیەکی زۆر گرنگە کە پاداشتی کاری بەرگری تیپەکە دەداتەوە، هەروەها ئێمە تەنیا یەک شکستمان لە خولەکەدا تووشی بووە.

سەبارەت بە پلاندانان بۆ کۆتایی وەرزەکەش ئاماژەی بەوەکرد، هەفتەی داهاتوو تیپەکە لەسەر ئاستی جەستەیی ئامادە دەکەن، پاشان لەسەر ئاستی تاکتیکی، بەڵام دەبێت پشوو بدەن.

سەبارەت بە دۆخی کرۆس و مۆدریچ روونیکردەوە: ئەوان بارودۆخی تاکەکەسین و یانەکە دوای یاری کۆتایی چامپیۆنز لیگ قسەیان لەگەڵ دەکات و ئەگەری روودانی هەموو شتێک هەیە.


AM:10:38:15/05/2024


ئه‌م بابه‌ته 704 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌