‌پرتوگالی بێ ڕۆناڵدۆ بە ئەنجامی گەورە دۆڕا.

وێستگە سپۆرت-

هەڵبژاردەی پرتوگال بەبێ ڕۆناڵدۆ بە ئەنجامی 4-1 بە دانیمارک دۆڕا لەسەر خاکی خۆی. 

لە چوارچێوەی یارییەکانی پاڵەوانێتی نەیشنلیگدا هەڵبژاردەی پرتوگال لە ناو خاکی خۆیدا میوانداری هەڵبژاردەی دانیمارکی کرد. 

ئەوە یەکەم یاریی هەڵبژاردەی پرتوگال بوو کە لە پاش وازهێنانی کریستیانۆ ڕۆناڵدۆی ئەستێرەی سەرەکی و ئەفسانەی هەڵبژاردەکەوە ئەنجامیان دا. 

هەر لە سەرەتای یارییەکەوە هەڵبژاردەی دانیمارک بە بەهێزی دەرکەوتن و هێرش لە دوای هێرشیان دەبردە سەر گۆڵی پرتوگالییەکان و لە خولەکەکانی 43 و 50 و 57 و 75 دا چوار گۆڵی یەک لەدوای یەکیان تۆمارکرد و پرتوگالییەکانیش بەبێ سەرکردەکەیان بێ وەڵام بوون تا دواین خولەکی یارییەکە کە بێرناردۆ سێلڤا توانی تاقە گۆڵەکەی پرتوگال تۆمار بکات و سەرەنجام یارییەکە بە ئەنجامێکی کارەساتبار بۆ پرتوگال کۆتایی هات. 

دواین جار کە هەڵبژاردەی پرتوگال لە یارییەکی فەرمیدا چوار گۆڵی لێ تۆمار کرابێت لە یۆرۆی 2020 بوو دژی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا کە یارییەکە بە ئەنجامی 4-2 کۆتایی هات، واتا ماوەی 6 ساڵ بوو هەڵبژاردەی پرتوگال لە یارییەکی فەرمیدا چوارگۆڵی لێ تۆمار نەکرابوو. 

ئەو دۆڕانەی پرتوگال کاردانەوەیەکی گەورەی بە دوای خۆیدا هێنا و هەموان هێرشێکی زۆریانکردە سەر خیسۆسی ڕاهێنەری هەڵبژاردەکە کە بە یەکێک لە هۆکارەکانی دەزانن بۆ وازهێنانە کتوپڕەکەی ڕۆناڵدۆ و هێرشەکەیشی کە دەکرێتە سەری دەوترێت ئەوە هەڵبژاردەکەی ژێر سەرپەرشتی تۆیە بەبێ ڕۆناڵدۆ بەو ئەنجامە کارەساتبارە دۆڕا. 



AM:11:52:15/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 188 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

گەلەری