مێسی بە دڵێکی پڕەوە قسەی کۆتای خۆی بۆ ئەرجەنتینییەکان کرد.
وێستگە سپۆرت-
لە پاش ئەنجامدانی کۆتا یاری خۆی بە درێسی هەڵبژاردەی ئەرجەنتینەوە مێسی هەر لە ناو یاریگاوە بە وتاری ماڵئاواییەکەی دڵی ملیۆنان ئەرجەنتینی شکاند.
شەوی ڕابردوو لیۆنێل مێسی بۆ دواین جار درێسی هەڵبژاردەی ئەرجەنتینی پۆشی و لە یارییەکی دۆستانەدا ڕووبەڕووی هەڵبژاردەی بەنین بووەوە، وە ئەفسانە ئەرجەنتینییەکە لە یارییەکەدا توانی گۆڵێک و دوو ئەسیست تۆمار بکات و وەکو باشترین یاریزانی یارییەکە هەڵبژێردرا و هەڵبژاردەکەیشی بە ئەنجامی 3-0 یارییەکەیان بردەوە.
لە پاش یارییەکە و لە ناو یاریگاوە لیۆنێل مێسی وتاری ماڵئاوای و سوپاس گوزاری خۆی بۆ گەلی ئەرجەنتین و هاوڕێکانی دەربڕی و لە هەمان کاتدا دڵیشی شکاندن لەبەر ئەوەی چیتر ئەرجەنتینییەکان سیحری مێسی بە درێسی هەڵبژاردەکەیانەوە نابیننەوە.
مێسی لە قسەکانیدا بەوە دەستی پێکرد، ڕەنگە ئەمشەو بمەوێت زۆر قسە بکەم لەبەر ئەوەی نامەوێت ئەم ساتانە لەگەڵ هەڵبژاردەکەم و ئوە کۆتایی پێ بێت، بەڵام ئەمەوێ سوپاستان بکەم بۆ هەموو ئەو کاتە جوانە و یادگاریانەی پێکەوە دروستمان کرد.
مێسی لە درێژەی قسەکانیدا وتی، لەگەڵ هەڵبژاردەکە هیچ شتێکم نەماوە بیکەم جگە لەوەی سوپاسی ئەم درێسە بکەم. بۆ ماوەی 20 ساڵ، تەنانەت لە خراپترین ساتەکانیشدا، هەرگیز وازم لە جەنگان نەهێناوە بۆی، هەموو شتێکم بەخشی و ئەمویست هەتا هەتای لێرەوە بەردەوام بم، بەڵام چیتر ناتوانم لەگەڵ ئەرجەنتین بەردەوام بم هەرچەندە زۆر ئازار بەخشە بۆ من، لەبەر ئەوەی جوانترین شت لە ژیانمدا یاریکردن بووە بۆ ئەرجەنتین ."
مێسی ئاماژەی بەوەشکرد، "لە مۆندیالی 2022 ئێمە جەنگاین نەک تەنها بۆ خەونی من، بەڵکوو بۆ بەدیهێنانی خەونی گەلی ئەرجەنتین و بە خەونەکەمان گەیشتن، ئێمە مۆندیالی ڕابردووش دەمان ویست دووبارە ئەو کارە ئەنجام بدەینەوە، بەڵام نەمانتوانی هەرچەندە بۆیشی جەنگاین”.
"وە ئەمەوێت ئەوە بڵێم سەرجەم ئەو هاوڕێیانەشی بەر لە مۆندیالی 2022 لەگەڵ من بوون، شانبەشانی من جەنگان هەرگیز وا بیر نەکەنەوە کە ئەوان نەجەنگاون بۆیە نەمانتوانیوە لەو کاتەدا نازناو ببەینەوە”.
"ئێمە جامی جیهانیمان بردەوە، کۆپا ئەمەریکا، فینالیسیما. من زۆر سوپاسگوزارم بۆ هەموو ئەو شتانەی کە لەگەڵ ئەم هەڵبژاردەیە ئەزموونم کرد."
PM:01:58:07/10/2026
ئهم بابهته 328
جار خوێنراوهتهوه