‌یانەی هیلال گڕ لە بازاڕی گواستنەوە بردەدات.

وێستگە سپۆرت-

یانەی هیلالی سعودی چەند یاریزانێک دەفرۆشێت و دەیەوێت گرێبەست لەگەڵ چەند یاریزانێکیشدا واژۆ بکات بەر لە داخستنی بازاڕی گواستنەوەی هاوینەی یاریزانان. 

جواو کانسێلۆی بەرگریکاری پرتوگالی دوای زنجیرەیەک گفتوگۆ لەگەڵ یانەکەیدا گەیشتە ڕێککەوتن بۆ ئەوەی گرێبەستەکەی نێوانیان هەڵبواشێننەوە و یاریزانەکە دەبێتە یاریزانێکی ئازاد، کانسێلۆ ئەو هەنگاوەی وەکو قوربانی دانێک بۆ پەیوەندیکردن بە بارشەلۆناوە نا، بەو جۆرە بارشەلۆنا ڕێگای بۆ خۆش بوو کە بە ئاسانی یاریزانەکە بگوازێتەوە و گرێبەستێکی هەمیشەیی لەگەڵدا واژۆ بکات. 

لە هەواڵێکی تردا کە چەند سەرچاوەیەک ئاماژەی پێدەکەن، یانەی هیلال لەسەر سەرجەم مەرجە تاکەکەسییەکان لەگەڵ نیتۆی یاریزانی باڵی هێرشبەری چێڵسی گەیشتووەتە ڕێککەوتن و یانەکە تەنها چاوەڕوانی ڕۆیشتنی ماڵکۆم دەکەن لە یانەکە و ڕاستەوخۆ گرێبەستی نیتۆ ڕادەگەیەنن. 

لە میدیاکانی سعودییەوە باس لەوە دەکرێت کە یانەی هیلال ڤیکتۆر ئۆسیمینی کردووەتە ئامانج کە بیگوازێتەوە یانەکە و چەند بژاردەیەکی تریش دیاری دەکات بۆ ئەوەی لە ئەگەری شکست هێنان لە گواستنەوەی ئۆسیمێندا ڕاستەوخۆ هەوڵ بۆ گواستنەوەی سەرەڕمێکی تر بدەن لەو وادەیەی کە لە بازاڕی گواستنەوەی هاوینەدا ماوە. 

بەو شێوەیەش بێت یانەی هیلال بە نیازە لە ماوەیەکی کورتدا بە زنجیرەیەک گواستنەوە و بەڕێکردنی چەند یاریزانێکی گڕ لە بازاڕی گواستنەوەی هاوینەدا بەربدات. 


PM:01:55:16/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 232 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌