‌عێراق بە فەڕەنسا دۆڕا و نەرویجیش سەرکەوت.

وێستگە سپۆرت-

لە مۆندیال، هەڵبژاردەی عێراق بە ئەنجامی سێ گۆڵی بێ بەرامبەر بە فەڕەنسا دۆڕا و نەرویجیش دوای بردنەوەی لە سەنیگال سەرکەوتنی بۆ قۆناغی داهاتوو مسۆگەر کرد.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە درێژەی یارییەکانی هەفتەی دووەمی قۆناغی کۆمەڵەکان و لە کۆمەڵەی i دا دوو یاری ئەنجام دران. 

لە یاری یەکەمدا هەڵبژاردەی عێراق ڕووبەڕووی فەڕەنسا بووەوە، لە تایمی یەکەمدا هەردوولا بە بەهێزی دەستیان پێکرد بەڵام هەڵبژاردەی عێراق زیاتر بە بەرگری یاری دەکرد، بەڵام بەو جۆرەش نەیان توانی ڕێگری لە تۆمار کردنی گۆڵی فەڕەنسییەکان بکەن و لە خولەکی 14 دا کیلیان ئێمباپێ بە لێدانێکی نایاب گۆڵی یەکەمی تۆمار کرد و ئەو تایمە تا کۆتایی بەو ئەنجام مایەوە.. 

سەرەڕای ئەوەی یارییەکە بە هۆی خراپی کەش و هەوا و باران بارینەوە بۆ ماوەی دوو کاتژمێر دواکەوت پاشان دەستی پێکردەوە، بەڵام فەڕەنسییەکان لە گەرموگوڕییەکەی تایمی یەکەم بەردەوام بوون و لە خولەکەکانی 54 و 66 دا دوو گۆڵی دیکەیان تۆمار کرد و سەرەنجام یارییەکە بە ئەنجامی سێ گۆڵی بێ وەڵام لە سوودی هەڵبژاردەی کەڵەشێرەکان کۆتایی هات. 

لە یاری دووەمی ئەم کۆمەڵەیەدا، هەڵبژاردەی نەرویج ڕووبەڕووی هەڵبژاردەی سەنیگال بووەوە، دوای یارییەکی گەرم و گوڕ و دراماتیکی، سەرەنجام نەرویجییەکان یارییەکەیان بە ئەنجامی 3-2 لە سودی خۆیان کۆتایی پێهێنا. 

بەو ئەنجامانەش، هەر یەکە لە هەڵبژاردەکانی فەڕەنسا و نەرویج سەرکەوتنیان بۆ قۆناغی داهاتوو مسۆگەر کرد و هەڵبژاردەکانی عێرا ق سەنیگالیش یاریی سێیەم  کە ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە دەکەن بە خاڵی یەکلا کەرەوەی کە کامیان دەبنە پلەی سێیەنی کۆمەڵەکە و ئومێدی گەیشتنیان بە قۆناغی داهاتوو بۆ دەگەڕێتەوە.


PM:04:27:23/06/2026


ئه‌م بابه‌ته 192 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

گەلەری