‌بارشەلۆنا بە ئەنجامێکی باش لە ئیسپانیۆڵی بردەوە و ئەتلەتیکۆش بە سیڤیلیا دۆڕا.

وێستگە سپۆرت-

لە خوڵی ئیسپانیا، یانەی بارشەلۆنا بە ئەنجامی 4-1 لە ئیسپانیۆڵی بردەوە و ئەتلەتیکۆ مەدریدیش بە سیڤیلیا دۆڕا. 

شەوی ڕابردوو لە چوارچێوەی یارییەکانی هەفتەی 31 ی لالیگادا چەند یارییەک ئەنجام دران. 

لە یەکێک لە یارییەکاندا، یانەی بارشەلۆنا لە ناو یاریگای خۆیدا میوانداری یانەی ئیسپانیۆڵی کرد، توانی یارییەکە بە ئەنجامی 4-1 لێ بباتەوە و زەنگێکی مەترسیداریش بۆ ئەتلەتیکۆ مەدرید لێ بدات کە لە ناوەڕاستی هەفتەکەدا لە چامپیۆنسلیگ ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە. 

هەرچی ئەتلەتیکۆ مەدریدیشە لە دەرەوەی یاریگای خۆی ڕووبەڕووی سیڤیلی بووەوە، دیەگۆ سیمیۆنی ڕاهێنەری یانەکەی شاری مەدرید بە پێکهاتەی یەدەگییەوە بەژداری لەم یارییەدا کرد لە پێناو پشوودان بە یاریزانەکانی بۆ یارییە چارەنوسسازەکەی بەرامبەر بارشەلۆنا، بەڵام نەیتوانی لەم یارییەدا لە سیڤیلیا بباتەوە و بە ئەنجامی 2-1 پێی دۆڕا. 

بەو ئەنجامانەش یانەی بارشەلۆنا کۆی خاڵەکانی گەیاندە 79 خاڵ و جیاوازی خاڵەکانی لەگەڵ نزیکترین ڕکابەریدا کە ڕیاڵ مەدریدە کردە 9 خاڵ، وە یانەی ئەتلەتیکۆ مەدریدیش بە کۆکردنەوەی 57 خاڵ لە پلەی چوارەمی ڕیزبەندی خولەکەدا گیرساوەتەوە. 


AM:10:48:12/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 244 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

گەلەری